ژمارەیەک لە ئەندامانی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) یاداشتێک دەدەنە  (نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق - UNAMI) تایبەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان....
هەریەکە لە (ئەحمەد حاجی رەشید -  سەرکەوت شەمسەدین -  د.رێبوار کریم محمود -  غالب محمد عەلی -  د. موسەنا ئەمین)
وەک نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە 
ئەمەی خوارەوەش دەقی یاداشتەکەیە:

بەرێز نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
بابەت: پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان

بەرێز خاتوو جەنین بەلاخارست، نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغداد، ئێمە وەک ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم نامەیەتان ئاراستە دەکەین سەبارەت بە زیادبونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە چەکدارە حزبییەکانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز.
بە دیاریکراوی سەرنجتان بۆ خۆپیشاندانەکانی زاخۆ لە ۱۸ و ۱۹ ئاب و رۆژانی دوایی کە تیایدا هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارهێنانی چەک وبە فیشەک روبەروی گەنجانی خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ بونەوە و زیاتر لە ۱٠ کەس بە سەختی بە فیشەک بریندارکراون.
ئێوە ئاگادارن کە هەرێمی کورستان بە دۆخێکی ئابوری سەخت دا تێدەپەرێ و بێ کارییەکی زۆر رووی لە هاوڵاتیانی هەرێم کردووە بەجۆرێک شارێکی گرنگی وەک زاخۆ، کە ناوەندێکی بازرگانی مەزنە، گەنجەکانی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و کاتێکیش دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن بە توندترین شێوە وەڵام ئەدرێنەوە و زیندانی ئەکرێن و بێ هیچ پارێزەرێک ناچار دەکرێن واژوو لەسەر بەڵگەنامەیەک بکەن کە چیتر خۆپیشاندان نەکەن.
ئێمە داواتان لێدەکەین، بە حوکمی رۆڵتان لە عێراق لە پرۆسەی سیاسی و نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن لە عێراق، لە ئاست ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و فشاربخەنەسەر بەرپرسانی هەرێم کە دوربکەونەوە لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران کە بۆ داواکردنی مافەکانیان و دژ بە گەندەڵی رژاونەتە سەرشەقامەکان.
لە گەڵ رێزمان،
1. ئەحمەد حاجی رەشید
2. سەرکەوت شەمسەدین
3. د.رێبوار کریم محمود
4. غالب محمد عەلی
5. رابون مەعروف
6. د. موسەنا ئەمین

 
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft