بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان)، لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان-ە، كە بە هاوكاری رێكخراوی (NED) سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی لەرادیۆی نەواوە پێشكەش دەكرێت.
ئەم بەرنامەیە بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە.

بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) لەلایەن رۆژنامەنووس (توانا عەلی كەمال) و ئامادە و پێشكەش دەكرێت، بەهاوكاری (میران محەمەد) و (دیار ساڵح) لە كۆنترۆڵ و لە پەیوەندییەكان (بینایی شۆڕش) و ئەپلۆدەری سایت (شرام حسێن).
رۆژی یەكشەممە (12-2-2017) پێنجەم بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) پێشكەشكرا بە میوانداری بەڕێز (بەرزان شێخ محەمەد) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و كاروباری ئەندامان و رێكخراوە مەدەنییەكان.
بەرزان محەمەد لەبارەی كاروباری رێكخراوەكانەوە رایگەیاند: رێكخراوەكان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە چاودێری دەكرێن، بەڵام ئەوانەی هەماهەنگی و كاروباریان لەگەڵ ئەنجومەنە لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕن، لەبەرئەوەی زۆربەیان حزبین و ئیعتیبار بۆ ئەو شتانە ناكەن.
وتیشی: زۆربەیان زەلامێكە و نە پرۆژەی هەیە و نەهیچ هەر جێیەكیان بۆ كردۆتەوە و رێكخراوێكیان بۆ داناوە و قاڵبە، رێكخراویش هەیە كاروچالاكی باشی هەیە.
لەبارەی كاروباری ئەندامانی ئەنجومەنیشەوە كە بەشێكە لەكاری لیژنەكەیان، بەرزان محەمەد ئاماژەی بەوەدا كە هیچیان بۆ ئەندامەكان نەكردووە و ئەو ناوە بە لیژنەكەوە زیادەیە و وتی: بەڵام داوایەكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن كرد تا نوسراوێك بۆ پارێزگا بكات و دوو شوقە دابین بكرێت بۆ ئەو ئەنجامانەی دەرەوەی شار شوقەیەك بۆ خانمان و ئەویتریان بۆ پیاوان، كاتی خۆی لەلایەن ئاسۆ فەرەیدونەوە شوقەكان بە كرێ‌ گیران 5 مانگیش كرێیان درا، بەڵام نەتوانرا تەئسیس بكرێت.
لەبارەی ئۆتۆمبێل كڕینیشەوە، بەرزان محەمەد وتی: حكومەت لەبەرژەوەندی بووە ئەگەر ئۆتۆمبێلی بۆ ئەندامانی ئەنجومەن و پەرلەمان كڕی بێت، چونكە ئەگەر ئۆتۆمبێلەكە هی حكومەت بێت ئەم لیژنە و ئەو لیژنە ئەیبات و خەرجی بەنزین و چاككردنەوەی لەسەر حكومەت دەبێت، بەڵام ئەگەر بیدات بە ئەندام ئەنجومەنەكە خۆی مەسرەفی دەكات.
وتیشی: ئەو پارەیەی لە كڕینی ئۆتۆمبێلەكاندا خەرج دەكرێت، زۆر لەوە زیاتر لە خزمەتگوزارییەكانیدا خەرج دەكرێت.
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft