دوابەدوای كۆبوونەوەی ژمارە (40)ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەردوو  فراكسیۆنی (گۆرَان‌و كۆمەڵی ئیسلامی) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونكردنەوەیەكیان لەسەر كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوەو رایانگەیاند، ئەوان دەنگیان بە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە نەداووە، رەخنە لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە دەگرن، ئەمەی خوارەوەش دەقی روونكردنەوەكەیە:

ڕونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆڕای گشتی

هاوڵاتیانی بەڕێز

سەبارەت بە ئەجێندای کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ژمارە چل(٤۰)ی ڕۆژی سێشەممە بەرواری ۲٤ / ۱۰ /۲۰۱۷ ئەم ڕوونکردنەوەیەتان پێڕادەگەیەنین :

لەسەر خاڵی یەکەمی کۆبونەوەکە کە ئەنجومەنی پارێزگا داوادەکات حکومەتی هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ بغدا بکات ئێمەوەکو هەردوو فراکسێون دەنگمان بەم بڕیارەی ئەنجومەن نەداوە چونکە ئێمە داوامان کردوەو وە باوەڕمان وایە کە دەبێت حکومەتێکی ڕزگاری نیشتیمانی لەلایەنە سیاسی یە خەمخۆرەکان و کەسایەتیە ڕۆشنبیرو پسپۆرو دڵسۆزەکان پێک بهێنرێت و ئەم حکومەتە نوێ یە گفتوگۆ لەگەڵ بغدا دەست پێبکات بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداو دابینکردنی مووچەو بودجە بۆ هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە خاڵی دووەم کە مووچەی فەرمانبەران ومووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی و بودجەو نەوتی سپی یە ، ئێمە وەکو هەردوو فراکسیۆن داوامانکردوە :
کە پێویستە حکومەتی هەرێم لەماوەی ۱٥ ڕۆژدا مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی و بودجەی پارێزکاکە دابین بکات وەلەئەگەری نەتوانینی دابینکردنی مووچە و بودجە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەوا دەبێت حکومەت ڕونکردنەوە بدات بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و لەو حاڵەتەشدا ئێمە وەکوو هەردوو فراکسێۆنی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی داوادەکەین کە حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی داوا لە حکومەتی ناوەند عیراق بکات کەلەچوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا مووچەو بودجە بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تر دابین بکات واتا ئیمە لەگەڵ ئەوەدا نین کە پارێزگای سلێمانی جیاببێتەوە لە هەرێمی کوردستان وسەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ بغدا بکات بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە چونکە ئەم جۆرە داواکاری یە هەرێم ئەوەندەی تر لاوازدەکات.

هەرشادو سەربەرربن

فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان٭فراکسێۆنی کۆمەڵی ئیسلامی

۲٥/ ۱۰ /۲۰۱۷


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft