سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە (4870) لە (27/9/2018)دا بڕیاری تەملیكردنەكەی هەڵوەشاندەوە...
پاش ئەوەی هەوڵێك لەئارادا هەبوو، بۆ تەملیكردنی (عەلوەی سەوزەو میوە)ی سلێمانی لەسەر وەبەرهێنەرێك، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی بۆ ئەو كێشەیەكردو لە كۆبوونەووەی ژمارە (47) لە (10/7/2018)دا تاوتوێی ئەو بابەتەیكردوو بڕیاری ژمارە(14)ی دەركرد، لەبڕیارەكەدا هاتووە: (رەزامەندنین لەسەر تەملیكردنی عەلوەی سەوزەو میوەی سلێمانی)، هەروەها لە بڕگەی سێیەمی بڕیارەكەشدا هاتووە: (بەپێی بڕگەی (3)ی ماددەی (19) لەیاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، راسپاردنی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی، بەگرتنەبەری رێكاری یاسایی‌و بەدواداچوونی ئیداری بۆ رێگریكردن لە تەملیكردنی عەلوەی سەوزەو میوەی سلێمانی‌و سەرجەم پڕۆژەكانی تر كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە بڕیاری تەملیك كردنیان بۆ دەرچووە).
 پاش ئاڕاستەكردنی نوسراوێك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی، لە بەرواری (27/9/2018) سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار كردو تیایدا داوای راگرتنی تەملیكردنی عەلوەی سلێمانی دەكات.
شیاوی باسە عەلوەی سەوزەو میوەی سلێمانی كە رووبەرەكەی (50) دۆنم زەویە، داواكرابوو لەسەر وەبەرهێنەرێك تاپۆ بكرێت، هاوكات بە پێی سەرچاوەكانی هەندێك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هەوڵێك هەیە كە لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا بۆ تەملیككردنی (80) موڵكی تر لە سەر وەبەرهێنەران، ئەمەش زیانی بە هاووڵاتیانی پارێزگاكە دەگەیەنێت‌و پڕۆژەكان لەبەرژەوەندی گشتییەوە دەبنە بەرژەوەندی تاكەكەسی. 




SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft