لە درێژەی زنجیرە بەرنامەكانی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) ئەمڕۆ (یەكشەممە) بەرواری (31/3/2019) هەشتەم بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) پێشكەشكرا بەمیوانداری هەریەكە لە بەڕێز(د. غالب محەمەد عەلی) ئەندامی فراكسیۆنی (گۆڕان) وئەندامی لیژنەی (نەوت‌و وزە) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها بەڕێز (رزگار حەمەنوری) سەرۆكی لیژنەی (شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و كیمیاباران‌و كەمئەندامانی سەنگەر) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

د. غالب محەمەد:  هاووڵاتییەكی گەرمیانی سوودمەند نییە لە یەك دۆلار لەداهاتی نەوتی ناوچەكەی

رزگار حەمە نوری: لەماوەی رابردوودا بەهۆی نەبوونی پلانەوە بودجەیەكی زۆر لە پڕۆژەی بچوكی ناپێویستدا خەرجكراوە

بەشی یەكەمی بەرنامەكە تایبەت بوو گفتوگۆكردن لەگەڵ  (د. غالب محەمەد عەلی) ئەندامی فراكسیۆنی (گۆڕان) وئەندامی لیژنەی (نەوت‌و وزە) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 لەم بەشەدا وێڕای گفتوگۆكردن لەسەر كارە سەرەكییەكانی  لیژنەی (نەوت‌و وزە) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، هەروەها بابەتی نەوت داهات نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدادا، هەوڵەكانی ئەم لیژنەیە لە چارەسەركردنی كێشەكانی هاووڵاتیان لە پارێزگای سلێمانیدا چەند بابەتێكی دیكە گفتوگۆیان لەسەركرا.

د. غالب محەمەد: پێویستە نەوت و گاز لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتدا بێت نەك لەبەردەستی چەند حزبێكدا بێت.

سەرەتا (د.غالب محەمەد) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە ئیشەكانی لیژنەكەیان لە هەرێم لاوازی پێوە دیارە لەبەر بوونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كە خۆی لە بوارەكانی (نەوت‌و غاز)دا بینێتەوە، چونكە تائێستا هەرێم نە بڕیاریداوە نەوت رادەستی بەغداد بكات، نە بڕیاریشیداوە چاكسازی شەفافیەت لەبواری نەوت و غازی هەرێمدا بكات.

 "ناكرێت لەبەغداد چاودێری نەوت‌و گازدەكرێت بەڵام لە هەرێمدا چاودێری ناكرێت" (د. غالب محمەد) وایگوت.

هەر سەبارەت بە تەوەری شەفافیەت لەبازرگانی و داهاتی نەوتی هەرێمدا، ئەو ئەندامەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)

سەرسورَمانی خۆی لەوە دەربڕی وتی:" هیچ مەعقول نییە توركیا بزانێت داهاتی نەوتی هەرێم چەندە، بەڵام هاووڵاتییەكی گەرمیانی كە بازرگانی بە نەوتی ناوچەكەیەوە دەكرێت نەزانێت نەوتەكە چی لێدێت‌و سوودمەندیش نەبێت لە یەك دۆلار".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە توركیا لەماوەی سێمانگدا بڕی (300.000.000) سێصەد ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە لە نەوتی گەرمیان.

"پێویستە نەوت و گاز لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتدا بێت نەك لەبەردەستی چەند حزبێكدا بێت" (د. غالب) لەدرێژەی بەرنامەكەیدا ئاماژەی بۆكرد.

سەبارەت بە دەنگۆی بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی :" ئەوە تەنها پڕوپاگەندەبوون، لە ئەمساڵدا بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مووچە ناكرێت چونكە بەیاسا رێكخراوە، بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێم نیازپاكی خۆی بەرامبەر بەغداد دەرنەبڕێت، مەرج نییە ساڵێكی دیكە بارودۆخ بەم شێوەیە بێت، چونكە یاسای بوودجە ساڵانە دێتە پەرلەمانەوەو گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

هەروەها بەڕێزیان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە بەغداد پێی سەیرە لە هەرێم پاڵاوگە هەن بەڵام ئامادەنین نەوت بپاڵێون، ئەمەش هۆكارە بۆ سستی‌و دواكەوتنی نەوتی سپی ماڵان.

سەبارەت بە كارا بوونی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەڵێ پەرلەمانی عێراق كارایەو دەسەڵاتی هەیەو لێپرسینەوە دەكات.

لەكۆتایشدا سەبارەت بە نەبوونی بەنزینخانەی حكومی لە سلێمانیدا، (د. غالب) وتی بەدواداچوونمان لەوبارەیەوە كردووە، وەك خۆم لەهەوڵی ئەوەدام چەند بەنزینخانەیەكی حكومی لە هەرێمدا بكەینەوە بەمەبەستی زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان.

رزگار حەمەنوری:   لە ئەدای چوار ساڵی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگا رازینيم

لە بەشی دووەمی بەرنامەكەدا  گفتوگۆ لەگەڵ  (رزگار حەمەنوری) سەرۆكی لیژنەی (شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و كیمیاباران‌و كەمئەندامانی سەنگەر) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرا.

 لەمیانی بەرنامەكەدا تاوتوێی چەند پرسێك كرا، لەوانەش كارەكانی لیژنەی شەهیدان، ئەدای چوار ساڵی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگا، جیاوازی مووچەو ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدانی هەرێم لەگەڵ شەهیدانی عێراقدا، سستی ولاوازی‌و گەندەڵی لەپڕۆژەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی.

لەسەرەتادا (رزگار حەمە نوری) باسی لە ئەركەكانی لیژنەی شەهیدان كرد‌و هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەبەر ئەوەی ستافی لیژنەی شەهیدان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لە ئێستا لە هەوڵی تەواوكردنی ئەو كارانەداین كە ستافی پێشووی لیژنەی شەهیدان تەواویان نەكردبوو.

سەبارەت بە پەیوەندی لیژنەی (شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و كیمیاباران‌و كەمئەندامانی سەنگەر) لەگەڵ لیژنەی (شەهیدان) لە ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق‌و پەرلەانی كوردستاندا، ناوبراو رایگەیاند، لەگەڵ لیژنەی (شەهیدان) لە ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراقدا پەیوەندیمان نەبووە، بەڵام چەند جارێك لەگەڵ پەرەلەانی كوردستاندا پەیوەندیمان هەبووەو یاداشت‌و نوسراومان ئاڕاستەكردوون ‌و چەند كێشەو گرفتێكیان خراوەتە بەردەست.

هەر لە درێژەی گفتوگۆكەدا (رزگار حەمە نوری) وتی، بڕیارە (دەزگای شەهیدانی عێراق) نووسینگە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بێگومان ئەوكاتە هەوڵ ئەدەین هەماهەنگیمان هەبێت ئومێدەكەین مووچە‌و ئیمتیازاتی شەهیدانی هەرێمیش وەك مووچەو ئیمتیازاتی شەهیدانی عێراقی لێبێت.

(لە ئەدای چوار ساڵی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگا رازینم)، (رزگار حەمە نوری) وایگوت، چونكە ئەو پێی وابوو قەیارنی دارایی كاریگەری زۆری هەبوو لەوەی ئەنجومەن هەستێت بەرۆڵی خۆی.

لەكۆتایشدا ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  سەبارەت بە پڕۆژەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: بەداخەوە لەماوەی رابردوودا چەندین بەهۆی نەبوونی پلانەوە بودجەیەكی زۆر لە پڕۆژەی بچوكی ناپێویستدا خەرج كراوە، كە دەكرا بەنیوەی ئەو بڕە پارەیە پڕۆژەی سیستمی میترۆ لەپارێزگای سلێمانیدا دروستبكرایە.

هەروەها وتی تائێستا چەند كۆمپانیايەكمان داوەتە دادگا لەسەر كەمتەرخەمی‌و گەندەڵی، پاشان وتی: بەردەوام لەهەوڵدا دەبین بۆ ئەوەی لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بين، هەر ئەمڕۆش پڕۆژەیەكم پێشكەش بە شارەوانی كردووە، سەبارەت بە پەیڕەوكردنی سیستمی نەفەرات لە تەكسییدا، ئەمەش لە دوو لاوە هاووڵاتی لێی سوود مەندەبێت چ لەرووی دارایەەوە وە چ لەرووی كەمكردنەوەی قەرابڵغی ناو شەقەمەكانەوە، سیستمەكەش جگە لە وڵاتانی درواسێ هەروەها لە هەولێرو بەغدادیش پەیڕەو كراوەو سەركەوتووش بوون. 

بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی)، بەرنامەیەكی هەفتانەی تایبەتە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەهاوكاری (رێكخراوی NED )ئەمریكی لەرادیۆی (نەوا)وە رۆژانی (یەكشەممە) كاتژمێر (2:00) بۆ (3:00)ی پاشنێوەڕوان بەمیوانداری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)‌و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشكەشدەكرێت.


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft