ئەمڕۆ (شەممە) بەرواری (6/7/2019) پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009)ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان کرد و بڕیاریشە گۆڕانکاری لە دوو ماددەی یاساکەدا بکات، هاوكات شارەزایانی یاسایی‌و بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەلایەن پەرلەمانەوە،  بە پێچەوانەی دیموكراسیی ناوی دەبەن.

پاش چاوەڕوانیەكی زۆر  بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە دانیشتنی ژماره‌ (10)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواركردنی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 2009 ئەنجامدرا، كە بریتین لە: گۆڕانکاری لە هەردو بڕگەی 6 و 14ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بکات، کە تایبەتن بە تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان،  رێگەدان بە هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە.

سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: لەگەڵ ئەوەدام پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنەکاندا  دابنرێت

لای خۆشیەوە (رسول عەبدوڵا) سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە پێگەی ئەلكترۆنی  (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)رایگەیاگەیاند: بێگومان هەڵبژاردنی پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجومەندا نەرێنیە لەبەر ئەوەی لەمەودوا پارێزگار نێوێنەرێكی  حیزبە وەك ئەوەی هەڵبژێردراوی هاووڵاتیان بێت‌و بە دەنگی ئەوان هاتبێت،

لە هەمانكاتدا ئەرێنییشە لە دوو رەهەندەوە یەكەم  ئەنجومەن باشتر دەتوانێت چاودێری بكات‌و لێپرسینەوەی لێبكات، چونكە هەڵبژێردراوی خەڵك نییە، دووەمیش لەبەرئەوەی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا هەڵبژاردن نەبوەتە كلتورو دەبینی زۆرجار مەرج نییە هەموو كاتێك لە ناو ئەنجومەنی پارێزگاكاندا  كەسێكی شیاو هەبێت بۆ پۆستی پارێزگار، ئەمەش گرفتی بۆ ئەنجومەنەكان دروستكردووە كە كێ ببێتە پارێزگار؟ بۆیە من پێموایە لەوانەیە بەشێك لە یاساناسان و كەسە حزیبیەكان لەم روانگەیەوە ئەم بڕیارەیان دابێت....

هەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی:  (وەك رای تایبەتی خۆم لەگەڵ ئەوەدام پارێزگار لەدەروەی ئەنجومەنەکاندا  دابنرێت)

(بە پێی یاسای ژمارە ۳ی ساڵی ۲۰۰۹، لانیكەم مەرجی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بۆ پارێزگار داناوە، بەڵام بۆ ئەندامی ئەنجومەن لانیكەم مەرجی بڕوانامەی ئامادەیی دیاریكراوە، لەبەر ئەوە ئەشێت لە خولێكی ئەنجومەندا هیچ ئەندامێك بڕوانامەی بەكالۆریۆسی نەبێت، ئەوكاتە كێشە دروستدەبێت لە دانانی پارێزگاردا لە ناو ئەنجومەندا ) (رەسول عەبدوڵا ) لەكۆتاییدا وای گوت.

دوا بەدوای كۆبوونەوەكەش  بەمەبەستی نوسینەوەی ڕاپۆرتی هاوبەش سه‌باره‌ت به‌پێشنیازی هەمواری یاسای ژمارە ۳ی ساڵی ۲۰۰۹ی هەرێمی کورستان-عێراق، کە تایبەتە بەئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و لەدانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، سەعات ۱۲ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو لیژنەی كاروباری یاسایی و لیژنەی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان كۆبوونەوەیەكی  هاوبەشیان ئەنجامدا بەمەبەستی نوسینەوەی ڕاپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەو ئاراستەکردنی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کورستان کەبڕیاروایە سبەی (یەکشەممە) (7/7/2019)  لەدانیشتنی ئاساییی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کورستانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت.

شیاوی باسە بڕیارە سبەینێ لەسەر ئەم پرسە رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان راگەیەندراوێك بۆ رایگشی بڵاو بكاتەوە
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft