بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان)، لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان-ە، كە بە هاوكاری رێكخراوی (NED) سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی لەرادیۆی نەواوە پێشكەش دەكرێت.
ئەم بەرنامەیە بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە.
بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) لەلایەن رۆژنامەنووس (توانا عەلی كەمال) و ئامادە و پێشكەش دەكرێت، بەهاوكاری (میران محەمەد) و (دیار ساڵح) لە كۆنترۆڵ و لە پەیوەندییەكان (بینایی شۆڕش) و ئەپلۆدەری سایت (شرام حسێن).


رۆژی یەكشەممە (5-2-2017) چوارەم بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) پێشكەشكرا بە میوانداری بەڕێز (ئەكرەم شەریف) كە بەپێی بڕیاری 23ك-ی دادگای كارگێڕی سلێمانی لە رۆژی 20-11-2016 جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە.
ئەكرەم شەریف رایگەیاند: من بەپێی بڕیاری دادگا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگام و سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆكی ئێستای ئەو ئەنجومەنە تانەیان لە بڕیارەكەداوە و ئێستا لە ئەنجومەنی شورایە.
وتیشی: هەر بڕیارێك لە ئەنجومەنی شوراوە دەربكرێت پێوەی پابەن دەبم، بەڵام دەبوایە ئێستا من مومارەسەی دەسەڵات و كارەكەی خۆم وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگ بكردایە.
وتیشی: من لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتم یەكێتی نیم، بەڵام ئێستا یەكێتیم دوای ئەوەی مەكتەبی سیاسی و جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی و حاكم قادر سەرۆكی لیژنەی دانوستانكاری یەكێتی وتیان ئاگاداری ئەو گۆرانكارییە نین و تاكە بەربژارمان بۆ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا ئەكرەم شەریفە.
هاوكا رەخنەی لە بزووتنەوەی گۆڕان كرد كە "نەدەبوایە بچنە ژێر باری ئەو كارە نایاساییە".
ئەكرەم شەریف تەئكیدی كردەوە كە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگا، بەشداری دەكات و لەسەر كورسی جێگری سەرۆك دادەنیشێت، چونكە ئەو جێگری سەرۆكە.
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft