خدیجە عبدالجبار احمد
2020-03-07      1159 جار بینراوە        کۆمێنت
خدیجە عبدالجبار احمد
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ئەوەندەی ئیمە وەک چاودێرێک لەنزیکەوە ئاگادارین ، ئیمکانیەتی ئەم حکومەتە زۆر سنوردارەو لەڕووی گرتنبەری ڕێکاری زانستی و دابینکردنی پیداویستی لۆجیستی و بەدەمەوە چوونی نەخۆش و هاوڵاتیانەوە کەم تفاقە و لەئاستی پێویستدا نیە و هەر ئەوەندەی پێ دەکرێت ،بەراورد ناکرێین بە چین و ئیتاڵیا و ئێران ...هتد ، ئێمە نە دەوڵەتین و نە حکومەتێکی دادپەروەر و رەشیدمان هەیە ، وەک دەبینن مەسەلەی کۆرۆناکەش بە حیزبی کراوەو بەئاشکرا دوو ئیدارەیی تیبینی دەکرێ، ململانێی نادروستی سیاسی و حیزبی کارێکی کردووە ، خەڵک هەیە بووترێ لە دهۆک یان هەولێر حاڵەت تۆمار کرا لە خۆشیدا شاگەشکە دەبێ، ئەڵبەت بە پیجەوانەکەشی هەر راستە...
کاتێک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەستی بە مەترسیەکە کرد بە حوکمی فراوانی هێڵی سنوریمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ،دەوامی خوێندنگەکانی ڕاگرت ، حکومەتی هەرێم پێی نیگەران بوو ، نەک لەبەرئەوەی بڕیارەکە هەڵە بوو ، نەخێر ،بەڵکو دەیەوێت هەموو بریار و دەسەڵاتیک مەرکەزی بێت لەلایەن خۆیانەوە دەرچێت ، لە کاتێکدا لە حاڵەتی لەناکاو حساب بۆ دەستوریش ناکرێ چ جای دەسەڵاتی مەرکەزی و لامەرکەزی !!!
خەڵک هەیە لە ئێران هاتووەتەوە لە بەرئەوەی حیزبییە و دەسەڵاتی هەیە کەرەنتینە ناکرێ،ئیدی لێرەوە سەرنج بدەن کە لە چ دۆخێکداین ؟!.. لەو کەرەنتینانەوە بەردەوام پەیوەندیمان پیوە دەکرێ و گلەیی و گازندەیان هەیە ،وەڵامی حکومەتیش ئەوەیە کە هەر ئەوەندە لەتوانایاندایەو دەبێ خەڵک هاوکار بێت و بەهۆشیاری و خۆپارێزی ڕووبەڕووی ئەم ڤایرەسە ببینەوە...باوەڕ ن ، لیژنەی تەندروستی ئەنجومەن دەڵێن پۆشاکی دژە ڤایرۆس نیە ئێمەش بیپۆشین تا لە نزیکەوە چاودێری ڕاگیراوەکان بکەین؟ ! تەراتێنی بارهەڵگرەکان لە مەرزەکان و بێ ویژدانی بازرگانە سیاسیەکانیش با بوەستێت ،کە هاولاتیانی نزیک مەرزەکان پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دونیایەک تیبینی هەیە لەسەر جۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی مەرزەکان ،بێ گومان ئەگەر دوو مەرزی نێودەوڵەتی هەبێ دەیان شوێنی هاتوچۆی نایاسایی لە سنورەکاندا هەیە کە هاتوجۆی بە قاچاخ تێدا دەکرێت ... لێرەوە با بیر بکەینەوە کە ئەگەر خودا نەخواستە ژمارەی تووشبوان زۆر ببێت هەریم توانای کۆنترۆڵکردنی نابێت( ئەمە ووتەی ب.گ. تەندروستی )خۆی بوو .دڵنیا بن پێش هەموو کەسێک عەجائیب نیە تیمە تەندروستیەکان و کارمەند و پزیشکەکان نەخۆشخانەکان بەجێ بێڵن ،چونکە ئەوانیش مرۆڤن ،حکومەت لەئاستی دابینکردنی پیداویستیەکانیاندا نەبێت ، چل و پێنج رۆژ جاریک موچەیان پێ بدرێت ،تا ئێستا حکومەت نەیتوانیوە ڕایبگەیەنێت کە هاندان و دەرماڵەی کاتییان بۆ خەرج بکرێت لەگەڵ ئەوەشدا درێغییان نەکردووە .کەواتە باشترین ڕێگا خۆپارێزی و هۆشیاری تاکەکانە ، ناکرێت بڵێین کوا ژمارەی تووشبوان هێندە زۆرە تا پێویست بەم ڕێکارانە بکات ، نەخۆشیەکە دوای چواردە ڕۆژ یاخود بیست و چوار ڕۆژ نیشانەکانی دەردەکەون ، لەم رۆژانەدا سەبارەت بە ڕاگرتنی نوێژی بەکۆمەڵ جەندین بەرگریکاری سۆزدارانەی دور لە مەنتق و مەبەستی پیرۆزی شەریعەت دەبینرێ ، وەک ئەوەی بەزەبری هێز و شەڕی ئایدۆلۆجی مزگەوت داخرا بێت !!! بەداخەوە دەچن لە شەقام و سەر شۆستەکاندا نوێژ ئەنجام دەدەن ! عیبرەت لەداخستنی مزگەوتەکان بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی و تێکەڵ بوونە نەک ئەنجامنەدانی نوێژ ، لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا بەرژەوەندی مرۆڤ سەنتەرە ، بە ناحەق لە دەستدانی گیانی مرۆڤێک لای خودا لەروخاندنی کەعبە گەورەترە چ جای هەڵگرتنی نوێژی بەکۆمەڵ بۆ کاتێکی دیاریکراو .ئەگەر بوونی نەخۆشی عوزر بێت بۆ نەچوون بۆ مزگەوت ، ترسیش بەهەمان شێوە لە نەخۆشی ، پاساوێکی شەرعیە بۆ نەچوون بۆ مزگەوت . هەموو ئەم ڕێکارانە بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبوان زیاد نەکات ،( کورد دەڵێ باوکەکە بۆیە لە کوڕەکەی دەدا تا پێستەکە گورگ نەیخوات جا کە خواردی ئیتر هیچ.) بۆیە داواکارین هەموو لایەک .
پابەند بین بە ڕینماییە تەندروستیەکان ، هاتوچۆ و قەرەباڵغی کەم بکەینەوە ،تیکەڵی بەهەرناوێکەوە بێت زیانی هەیە گەشت و سەیران و بازاڕ بێت یان هەر کۆبوونەوەیەکی تر ..
،شاری (ووهان) لە وڵاتی چین لەگەڵ دەرکەوتنی نەخۆشیەکە بۆ ماوەی یەک مانگ هاتوچۆ و جوڵەی ڕاگرت ،بینیتان چۆن سوپاس بۆ خوا ئێستا تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی کۆنترۆڵی بکات ؟..جا ئێمە کە ئەمە حاڵی حکومەت و ئیدارە و هەرێمەکەمان بێت ، دەبێ خۆمان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین ، لانی کەم ئیمە هۆکار نەبین لە تەشەنەکردن یان بلاوبوونەوەی ئەم پەتایە ،دینیش هەر ئەوەمان لێ داوا دەکات .خوای گەورە بە ڕەحمی خۆی ئەم دۆخە بە سەلامەتی بەسەرماندا تێپەڕێنێت ، ئەمە نە ترسە و نە ڕەشبینی ،بەڵکو زەرورەتی مامەڵەیەکی دروستە و بەرپرسیارێتیەکی دینی و مرۆیی و نیشتیمانیە ....

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft