خدیجە عبدالجبار احمد
2020-05-01      1626 جار بینراوە        کۆمێنت
خدیجە عبدالجبار احمد
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین پەیڕەوکردنی سیستمی لامەرکەزی و سەرکەوتنی پرۆسەکە پشت دەبەستێت بە بارودۆخی سیاسی و شیوازی دەستور و ئاستی پێشکەوتنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی هەر کۆمەڵگەیەک ، ئایا هیز و لایەنە سیاسیەکان تا چ ئەندازەیەک بەکردەیی باوەڕیان بەپرۆسەی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەیە؟
بەهۆی لەبارنەبوونی ژینگەی هەریمی کوردستان لەرووی ئەو پایە سەرەکیانەی کەباسمان کردو ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ،دەسەلاتی هەریم نەیتوانیوە کار بەم سیستمە بکات ،هەرچەندە لەساڵی ٢٠٠٩ یاسای ژمارە (٣) ی پاریزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە کە بەدەق لەیاساکەدا هاتووە لەسەر ئەوەی ئەم یاسایە لەپێناو پیادەکردنی لامەرکەزی دەرچووە، یاساکە تا ساڵی ٢٠١٤ کاری پێ نەکرا ،تا هەڵبژاردنی ٣٠ نیسانی ساڵی ٢٠١٤ یاساکە کەوتە بواری جێ بەجێکردن ، بەلام بەهۆی کەموکورتی یاساکە و دۆخی خراپی حکومرانی هەرێم و تیکەڵ بوونی ئیختیصاصەکان لە نیوان حکومەتی مەرکەزی و هەریم و پاریزگاکان نەتوانراوە لامەرکەزی بچەسپێت .لامەرکەزی بەشێوەیەکی گشتی دابەشکردنی دەسەڵاتە بەسەر چەند ناوەندێکدا ، جەند جۆرێکی هەیە: (لامەرکەزی سیاسی(فیدراڵی)، لامەرکەزی کارگێڕی ، لامەرکەزی دارایی...)
لامەرکەزی ئیداری دابەش بوونی اختصاصات و دەسەڵاتە کارگێڕیەکانە لەنیوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی خۆجێی ...بەم پێیە ئەنجومەنی پارێزگا شەخسیەتی قانونی مەعنەوی خۆیان هەیە بۆ ئیدارەدان و دەرکردنی بڕیار ..هەندیک وا تیگەیشتوون کە لە لامەرکەزی ئیداریدا بابەتی موجە لە ژیردەسەڵاتی ئەنجومەنی پاریزگادا دەبێت ، ئەوە هەلەیە ،لەبەرئەوەی موچە بابەتیکی مەرکەزی یە تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت ئەو پاریزگایە داوای لامەرکەزی سیاسی (فیدراڵی) بکات بەپێی دەستور دەسەلاتی ئەو داوایەی هەیە ،ئەوکاتە ئەو پاریزگایە دەبێتە هەریمێکی سەربەخۆ لەچوارچێوەی کیانێکی سیاسی خاوەن دەستور و خاوەن دەسەلاتی یاسادان (پەرلەمانی خۆی دەبیت)،وە خاوەنی دەسەلاتی دادوەری خۆی دەبێت ، ئەو کاتە بێ گومان یەکپارجەیی هەرێم نامینێت و ئەو پارێزگایەی داوای دەکات دەبێتە هەرێمێکی سەربەخۆ ..ئیستا باس باسی لامەرکەزی سیاسی نیە ،بەڵکو باسی لامەرکەزی ئیداری و داراییە کە لە گرنگترین لایەنە باشەکانی ئەم سیستمە، پیادەکردنی پرۆسەی دیموکراسی و دەرفەت پیدانە بەهاوڵاتی بۆ خۆبەرێوەبەری لەریگەی نوینەرەکانیانەوە کە هەڵیان دەبژێرن . ئاسانکاری بۆ حکومەتی مەرکەزی دەکات بۆ باش بەڕێوەچوونی خزمەتگوزاریەکان ،بۆ ئەوەی لەبری خزمەتگوزاری پاریزگاکان خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ جێ بەجێکردنی خزمەتگوزاریە نیشتیمانیەکان و سیاسەتی دەرەوە. هەروەها ڕۆتینی کارگێری کەم دەکاتەوە بەهۆی نزیکی ناوەندی بڕیار.دەرفەت دەرەخسینیت بۆ کێ برکێی نیوان شارەکان لەرووی پێشکەوتنی ژیاری و پیشەسازی و بونیادنان.. بەڵام بەسەرنجدان لەدۆخی هەریمی کوردستان و رابردووی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی ..کۆمەڵێک پرسیار دێتە ئاراوە ...
راستە سیستمی لامەرکەزی باشترین و مۆدێرنەترین سیستمە ، بەڵام ئەمە لە فەزای دیموکراسیدا ...ئایا لەهەرێم نابیتە هۆی قۆرغکاری یەکیتی لەدەڤەری ئەملاو پارتیش لەدەڤەری ئەولا ؟؟ ئایا ئەگەر دادگا سەربەخۆ نەبێت و پەرلەمان وەک ئیستا دەستەمۆ بێت ،ئەنجومەنەکان دەتوانن ئەو ڕۆڵە مەزنە ببینن ؟ئایا لەئیستا دەڤەری ژیر دەسەڵاتی پارتی ، ئەنجومەنەکانی هەولێر و دهۆک ئاگاداری داهاتی دەڤەرەکەی خۆیانن کەچەندە و چۆن خەرج دەکرێت ؟ وەئایا دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان راپەڕین جگە لە حیزبی باڵا دەست کێ ئاگاداری بودجە و داهاتی دامودەزگاکان و باج و رسوماتە ؟ کە چەندە و چۆن خەرج دەکرێت ؟داهاتی مەرزەکان کە کراوە بەخەلاتی کۆمپانیا حیزبیەکان ئایا ئەنجومەن دەتوانیت لەچنگیان دەریبهینیت و بەدامەزراوەیی بکات ؟ ئایا هەتا حیزب خاوەنی هیز و میلیشیای خۆی بێت ئەم سیستمە سەرناکێشی بۆ دوو ئیدارەیی وەک رابردوو و قۆرغکردنی دەسەڵات و دیکتاتۆریەت؟
پوختەی قسە لامەرکەزی باشترین میکانیزمە ،بەلام لەپاڵ ئەم جۆرە لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دا هاوشێوەی ئەو دروشمە دیموکراسیەیە کە لەپەیرەوپرۆگرامی هەردوو حیزبدا حزوری هەیە و لاپەرەکانیانی رازاندۆتەوە بەڵام لەواقیعدا ئەو نەهامەتیەیە کە لە ٢٩ ساڵی حکومرانیاندا بینیومانە ..لامەرکەزی پیویستی بەژینگەی دیموکراسی راستەقینە هەیە ....لامەرکەزی ئیداری و دارایی ئەو کاتە بەرهەمی دەبێت دەسەڵات بەتایبەت دوو حیزبی دەسەڵاتداری خاوەن هێز ، بڕیاری چاکسازی راستەقینە بدەن و بە عەمەلی پەیرەوی دیموکراسیەت و پاراستنی مافی مرۆڤ و بەرجەستەکردنی مافی هاوڵاتیبوون بکەن ، دەست هەڵگرن لە دزی و تاڵانی و گەندەڵی ، سەرجاوەی داهات شەفاف بیت ، دەزگای چاودێری بەهێز بکرێ ، واز لە کۆیلەکردنی خەڵک بهێنن بە ناوی بندیوار و خانەنشینکردنی زاڵمانە ، ڕێز لەیاسا بگرن ، دادگا سەربەخۆ و پەرلەمان زیندوو بێت و دەستەمۆی حیزب نەبێ . .. لەگەڵ دەرک کردن بەو کێشە نەخوازراوانەی کە باسمان کرد ، ئیمە وەک فراکسیۆن قەناعەتمان بە سیستمی لامەرکەزی راستەقینەی ئیداری و دارایی هەیە وەک پایەیەکی سەرەکی لە بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسیدا .. ..

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft