محەمەد رەسوڵ موراد
2020-05-05      1357 جار بینراوە        کۆمێنت
محەمەد ڕەسوڵ مراد 
 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ناناوەندێتیی، تاکە سیستمی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی
                                     (بەشی دووەم)*
وڵاتان لەچۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەڤەرەکانیان جیاوازیان هەیە، ئەمەش بۆ هۆکاری سیاسی و مێژوویی و ئابوری وکۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە، هەندێک وڵات دەیانەوێ دەسەڵاتی ناوەندێتی بەهێز بکەن، بۆیە ئەرک و وەزیفەی کارگێڕی لە دەستی خۆیاندا دەهێڵنەوە، ئەمەش بەهۆی بیر و باوەڕی سیاسی و ترسان لە لە دەستدانی دەسەڵات و دابەشبوونی وڵاتەکە، کەلە چەند کەمە نەتەوەیەکی جیاواز پێکهاتبێت.هەندێک وڵات دەیانەوێ بڕێک سەربەخۆیی بە بەشە جیاوازەکانی وڵات بدەن، تاکو دانیشتوانەکەیان خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، بەم هۆیەوە باشتر بەڕێوەچوونی دەزگا خۆجێیی و گشتییەکانی لێدەکەوێتەوە. ئەمەش لەچوارچێوەی دابەشکردنی ئەرکی کارگێڕی دایە، کە لە یاسای کارگێڕیدا بە ڕێکخستنی کارگێڕی ناو دەبرێت، و ناگاتە دابەشکردنی دەسەڵاتی گشتی کە(بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندیەکان و هتد...)دەگرێتەوە، و لە تایبەتمەندیەکانی یاسای دەستوریە، بۆیە دابەشکردنی ئەرکی کارگێڕی دەکرێ لە ڕێگای چەسپاندنی سیستمی ناناوەندێتیی کارگێڕی جوگڕافی یان ناناوەندێتیی کارگێڕی دەزگاکانەوە بکرێت، کە کەسێتی مەعنەوی بە بەشێک لە دەڤەری هەرێمێک یان دەوڵەتێک دەدرێت.تاکو ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو، ناناوەندێییەت وەک شۆڕکردنەوە و دابەزاندنی دەسەڵات لە ناوەندەوە بۆ ئاستەکانی بەڕێوەبردنی خوارتر دادەنرا، بەڵام دواتر چەمکی نوێ ی ناناوەندێییەت سەریانهەڵدا، کە شێوازی نوێ و ڕەهەندی نوێ ی بەشداریکردنی ئەرک و دەسەڵاتی هێنایە کایەوە، کە بەیاسا ڕێکدەخرێت، و کاریگەری گەورەی لەسەر گەشەکردن و پێشکەوتنی وڵاتاندا دروستکردووە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* ئەم زنجیرە بابەتە، لە بنچینەدا، کتێبێکە دەربارەی سیستمی نامەرکەزیی و بایەخ و پێویستیی بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، کە بڕیاروایە لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاوبکرێتەوە.


SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft