رێكەوت محەمەد زەكی
2020-06-20      1086 جار بینراوە        کۆمێنت
ڕێکەوت زەکی
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

١/ حەوت ساڵی ڕابردوو دوو ھەوڵی سیاسی و ئابووری ھەبون بۆ پچڕان لەبەغدا، سەرەنجام ھەوڵە ئابووریەکە (ئابووری سەربەخۆ) ھەوڵە سیاسیەکە (ڕیفراندۆم) شکستیان ھێناو ئەنجامەکەی وەرگرتنی دەیان پۆست لەعیراق و موحتاجبونی دەستی بەغدابوو ، بەبێ ئەوان حکومەتی ھەرێم تەنھا یەک موچەی تەواوەتی پێنەدراوە.
٢/لەدوای ھاتنەوەی ھەواڵ لەبەغداو نوسراوەکەی دیوانی چاودێری دارایی عیراق کەداوای زۆر دۆسیەو داھاتی نەوت و ناوخۆ لەحکومەتی ھەرێم دەکات، لەئەگەری ڕودانی ڕێککەوتنی لەوجۆرە لامەرکەزی ئیداری و دارایی بەبێ داھاتی نەوت و ناوخۆ سودێکی ئەوتۆی نامێنی و دەبێت سلێمانی ماددەی ١١٩ ی دەستوری عیراق جێبەجێبکات، کەبریتیە لەدروستکردنی ھەرێمێ سلێمانی بەتەنیشت ھەرێمی ھەولێرەوە، ھەروەک چۆن حکومەتی ھەرێم داوای جێبەجێکردنی دەستور لەبەغدا دەکات، ئێمەش لەداوای دەستوریی زیاترمان نەوتووە، لەنوسینەوەی دەستوری عیراقیشدا بەڕێزان (مام جەلال و کاک نەوشیروان و کاک مەسعود) بەشدارو ڕەزامەندبون (بەماددەی ١١٩ ەشەوە) سەرەنجام زۆرینەی زۆری خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەنگیان پێداوە.
٣/ ئێمە دوای سێ دەیە لەحوکمڕانیەکی ناسەرکەوتوو داوای مۆدێلێکی دیکە لەبەڕێوەبردن دەکەین، نەشەڕی براکوژی نە دوئیدارەییەکەی نەوەدەکانە، بەڵکو دوو ھەرێم وەک دوو برای تەباو ماڵ جیاواز بەڵام خاوەن خۆبەڕێوەبەری جیاواز وەک ھەموو مۆدێلە سەرکەوتوەکانی جیھان، نەیەکێتی واز لەجەماوەر و بارەگاو پێگەوە گۆڕی شەھیدەکانی دەھێنێت لەھەولێرو دھۆک نەپارتی لێرە واز لەوانە دەھێنێت، ھیچ حزبێک لەھیچ شوێنێکی دیکە قەدەغەو قاچاغ نابێت و ھەرکەس لەشوێنی خۆی بەردەوام دەبێت لەچالاکی سیاسی خۆی، بەڵام دوو ھەرێم و بەڕێوەبرنی جیاوازمان پێویستە، ھەروەک چۆن ئێستا ھەموو حزبەکان لەبەغداو کەرکوک و خانەقین کەلەدەرەوەی ھەرێمی کوردستانیشە ھەن و خاوەن پێگەو چالاکی مەدەنی و سیاسین، دەیان نمونەمان ھەیە کە سلێمانی لای حکومەتی ھەرێم وەک کوڕی دایکێکی جیاواز تەماشا دەکرێت.
٤/ ئێستا کەپاشەکەوتی موچە تەپەی پێی دێت، ھەرێمی سلێمانی ئاسانتر لەگەڵ بەغدا دەتوانێت لەسەر بودجەو موچەی فەرمانبەران و ڕادەستکردنی سامانی سروشتی ڕێکبەکەوێت و گیرۆدەی گرێبەستی ھیچ وڵاتێک نییە، وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت ھەرواش مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی سلێمانی دەکرێت نەک وەک ئەوەی دەڵێن دەچنەوە سەربەغدا! مەگەر ئێستا ھەرێمی کوردستان سەربەکوێیە؟ بێگومان سەربە بەغدایە و لاوازانەش چاوی لەدەستیەتی.
٥/ پاڵنەری سەرەکی ئەم داوایە ، دۆزینەوەی دەرچەیە بۆ دەربازبون لەدۆخی خراپی ئابووری و بژێوی موچەخۆران و خەڵک، دابینکردنەوەی مووچەی مانگانەو بوژاندنەوەی خزمەتگوزاریە، میللەت لەدەرەوەی بارەگاکانی حکومەت دەکوڵێت و تەحەمولی نەماوەو وەڕس بووەو مافی خۆشیەتی، حەوسەڵەی ناڕاستی پیاوە کەشخەکانی سەرتەلەفزیۆن و ھۆڵی کۆبونەوەکانی نەماوە، ھەروەک لەھەموو ئەو پیاوە بێدەنگانەش توڕەیە کەلەکاتی ھەڵبژاردندا لەدەرگای دەدەن، زۆربەی خەڵک بەدوای خۆشگوزەرانیەوەیە نەک شیعارات، ھەواڵێکی گوزەرانی شەھیدان بپرسن کەزو زو بەباسی خوێنی ئاڵیان شەرعیەت بەخۆتان دەدەن.
مەرجی سەرکەوتنی ھەرێمی سلێمانی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغداو ڕەخساندی دەرفەتی فرەیییە لەبەڕێوەبردندا بۆ ھەموو حزبێکی سیاسی بەپێوەری ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft