بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان)، لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان-ە، كە بە هاوكاری رێكخراوی (NED) سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی لەرادیۆی نەواوە پێشكەش دەكرێت.
ئەم بەرنامەیە بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە.


بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) لەلایەن رۆژنامەنووس (توانا عەلی كەمال) و ئامادە و پێشكەش دەكرێت، بەهاوكاری (میران محەمەد) و (دیار ساڵح) لە كۆنترۆڵ و لە پەیوەندییەكان (بینایی شۆڕش) و ئەپلۆدەری سایت (شرام حسێن).
رۆژی شەممە (21-1-2017) دووەم بەرنامەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیان) پێشكەشكرا بە میوانداری بەڕێز (ئازاد  محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
لەبەرنامەكەدا (ئازاد  محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  رایگەیاند: لەسەدا 90ی پرۆژەكانی سلێمانی وەستاون ئەم وەستانەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو بودجەیەی پێشتریش تیایدا خەرج كراوە بەهەدەر دەچێت.
هاوكات ئاماژەی بەوەدا كە لە كاتی دەستبەكاربوونی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تاوەكو ئێستا كە دوو ساڵ و نیو زیاترە، هیچ جۆرە بودجەیەكی عیراق و هەرێمی كوردستان رووی نەكردۆتە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئومێدیشی خواست لەمساڵدا بودجە دیاری بكرێت تا پرۆژە لە پێشینەكان جێبەجێ‌ بكرێن.
لەبارەی پرۆژەی جۆزەی 20 ئەمپێری كارەبای ماڵانیشەوە، ئازاد  محەمەد ئەمین رایگەیاند: پرۆژەكە بە فەرمی نەهاتۆتە ئەنجومەن، بەڵام خۆمان داوامان كردووە و ناردوومانە بۆ لیژنە پەیوەندیدارەكانی ئەنجومەن، كۆمەڵێك مەرج و گرەنتیمان داناوە بۆیان.
وتیشی: ئێمە بڕیارمان نەداوە جێبەجێ‌ بكرێت، بەڵام ئەگەر جێبەجێكرا ئەو مەرجانەی ئێمەی تیا نەبێت قبوڵی ناكەین.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تەئكیدیشی كردەوە كە داوایان كردووە ئەو پارەیەی لەبەرامبەر جۆزەكە وەردەگیرێت، دەبێت حكومەت بیدات، یان لە چەكی پاشەكەوتی مووچە بدرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەو پرۆژەیە بە دانانی پێوەری زیرەك كە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كارەبا بڕیاریان لێداوە ئۆتۆماتیكی هەڵدەوەشێتەوە و ئەوەی بۆی خەرج كراوە بە هەدەر دەڕوات.

SHARE

وێنەی زیاتر

© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft