پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا  بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان، لەسەر سکاڵایەک کە لە ماوەی ڕابردودا (کەریم علی) سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و ووزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ) تۆماری کردووە روونکردنەوەیەکی بڵاو کردۆتەوە بکە گوایە ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای زەوی کردووە بۆ خاڵۆی  ......لەم بارەیەوە (کەریم علی) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  روونکردنەوەیەکی بۆ رایگشتی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە لێدوانی داواکراویەکی دادگای نەزاهە و دەستپاکی گەرمیان . 
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا داواکراوێکی دادگای دەستپاکی گەرمیان کە لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیانە ، لە کاردانەوەی ئەوەی کە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە لەسەر سکاڵایەک کە لە ماوەی ڕابردودا بەندە تۆمارم کردوە هەستاوە بە بڵآو کردنەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی بەندە بەناوی ڕوونکردنەوەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوایە من داوای زەویم کردووە بۆ خاڵۆی خۆم و پێم نەدراوەو دواتر لە کاردانەوەی ئەو بابەتە سکاڵام تۆمار کردووە  لە ئەو و سەرۆکی شارەوانی ڕزگاری .بۆیە ئێمە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەو بابەتە بۆ ڕای گشتی چەند ڕاستییەک دەخەینە ڕوو :
1 _ من لە ئێستاد بە  هیچ جۆرێک خاڵۆم نییە و دوو خاڵۆم هەبووە لەکۆتای هەشاتاکان و نەوەدەکان کۆچی دوایان کردوە و بەهیچ شێوازێکیش لەگەرمیان دانەنیشتوون هیچ یاساو عورفێکیش ڕێگا نادات  داوای زەوی بۆکەسێک بکرێت کە لە ژیاندا نەمابێت !!!!!! ئێمە چاوروانی کاردانەوەیەکی بەپەلەی  کۆمیدی لەم شێوەیەمان نەدەکرد و من لێرەوە بەو داواکراوەی دادگا دەڵێم سوپاست دەکەم پێم بڵێی  ماڵی خاڵم لە کوێ یە ؟؟؟؟؟
2_ هەرکەسێک لە خۆی دڵنیا بێت دەچێتە بەردەم دادگا و ئەستۆپاکی خۆی دەسەلمێنێت و دادگاش کاری سەربەخۆی خۆی دەکات ، هەموو لایەکیش دەزانێت ئێمە دەسەڵآت و هێزمان نییە تەنانەت پاسەوانیشمان نییە تاکو بەرپرسی ئیداری تەنگەتاو بکەین وەکو ئەوەی ئەو داواکراوەی داگا وتوویەتی  و  هەرکەسێکیش کاری نایاسایی نەکات لە بەرانبەر ئێمەو دادگاش بێ منەتە ، ئەگەر ئێمەش داواکارییەکی نایاسییمان کردووە فەرموو بماندەن بە دادگا چاوەڕێی چین . داپۆشینی تاوانیش بۆخۆی مانادارە .
3_ ناوەڕۆکی دۆسییەکە خۆی دەبینێتەوە لە کارکردن لەسەر ڕووبەری نزیکەی ٣٥٠ دۆنم زەوی بەناوی ناوچەی پیشەسازی نوێی ناحیەی ڕزگاری کە ڕێکارە ئیدارییەکانی تەواو نەبووەو دابەشکردنییشی بەشێوازێکی ناڕوون  بەناوی کارگە، سەرجەمی وردەکاری دۆسیەکەش لە دادگای دەستپاکی گەرمیانە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر .                                                         
   4_ ئەندامانی ئەنجومەن بە پێی ( یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٩ ی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ) کاریان چاودێریکردن و بەدواداچوون و بە دەمەوە چوونی هاوڵاتیانە و بەندەش وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و ووزەی ئەنجومەن دوای ئەوەی مامۆستا عومەر خاوەنی کارگەی ئاراس بۆ دروستکردنی تانکی سکاڵای هێنایە لام و بەدواداچوونم بۆ داواکاریەکەی کردوو سەردانی سەرۆکی شارەوانی ڕزگاریم کرد سەرۆکی شارەوانیش ڕایگەیاند کە فراوانکردنی ناوچەی پیشەسازی کۆن ڕاگیراوەو لە کاتی گواستەوەی ناوچەی پیشەسازیدا بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکان داواکارییەکەی جێبەجێ دەکەن . بەڕێز مامۆستا عومەریش ڕوونکردنەوەی خۆی داوە . 
5_لە کاتێکدا بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە  لەسەر ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەسینی ئەو داواکراوەی دادگا بێ دەنگ نابین و  بە دڵنیاییەوە جارێکی دیکە لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆماردەکەینەوەو با بفەرموێ ووتەکانی لە دادگا بسەلمێنی سەبارەت بەو تۆمەتەی ڕایگەیاندووە .
6_ دەبێت ئیتر بەرپرسانی ئەم زۆنە ئەو راستییە بزانن کە کەس خاوەنی ئەم خاکە نییە بە تەنها و ئەم سکاڵایەش کۆتا کارمان نابێت و لە داهاتوودا لە سەر دۆسێی نەوت لە سنوورەکە و پرۆژەکانی وەبەرهێنان و  مەرزەکان و هتدد .... بەدواداچوونمان دەبێت و هەموو بابەتێکی جێگای گومان دەدەین بەدادگا .هەروەها وەک چۆن لە ڕابردودا بەو پەڕی پیشەیی و بێ لایەنانەو بێ ڕقی شەخسی کارمان کردوە بەهەمان شێوە بەردەوام دەبین .لێرەوە ڕایدەگەیەنین  وەکو نوێنەری خەڵکی ناوچەکە بەڵێن دووپات دەکەینەوە لە هەرکوێیەک گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و جیاوازی لەسەر هەربنەمایەکی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتی هەست پێبکەین لە دامودەزگا ئیدارییەکان بێدەنگ نابین و هەموو ڕێکارێکی ئیداری و یاسایی دەگرینەبەر و هیوادارین هەموو دادگاکانی ناوچەکەش وەکو یەک ڕۆڵی پیرۆزی خۆیان بگێڕن .
کریم علی س ، ل ، پیشەسازی و ووزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
.ناحیەی ڕزگاری ـ گەرمیان 
بەرواری٢٠٢١/٥/٢٧
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft