پاش ئەوەی لەماوەی رابردوودا لە لایەن چەند بەرپرسێكی هەرێمی كوردستانەوە، جەختیان ‏لە دەستكاریكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كرد، ئەمەش ترس‌و دڵە راوكێی ‏لەنێوان مووچە خۆراندا دروستكردو چەندین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لەم ‏دۆخە مەترسیدارەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكەو جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، ‏ئەویش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایەو بارێكی نائاسایی راگەیندراوە، لەكاتێكدا وڵاتانی ‏جیهان لەوپەڕی هەوڵدان هاووڵاتیان لەمەترسیەكانی كۆرۆنا دڵنیا بكەنەوەو سەرەڕای پێدانی ‏مووچەكانیان، هاوكات بەشێک لە حكومەتی وڵاتان بڕیارینداوە وێڕای پێدانی مووچە بەچەندین ‏جۆریتر یارمەتی دارایی هاووڵاتیان بكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان وێڕای دواخستنی ‏دابەشكردنی مووچە هاوكات باس لە دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەران ‏دەكرێت،لەكاتێكدا ئەم مووچەیە لەبەغدادەوە دابیندەكرێت..سەبارەت بەم گرفتە شەش ‏نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) و ئەندامی دیكەی ‏ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رونكردنەوەیەكیان بۆ رایگشتی بڵاوكردۆتەوە تیایدا هاتووە: ‏‏(لێرەوە هۆشداری دەدەین ئەگەر دەستکاری مووچە و قوتی فەرمانبەران بکرێت، ئێمە ئەو ‏پەرلەمانتارانەی لە خوارەوە واژۆمان کردوە بە هەموو شێوەیەک دژی هەنگاوێکی ‏لەوشێوەیەی حکومەتی هەرێم دەوەستینەوە)، ئەمەی لای خوارەوەش دەقی روونكردنەوەكەیە

روونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی
لەکاتێکدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایروسی کۆرۆناوە، تەواوی حکومەتەکانی دنیا ‏رێوشوێنی خۆپارێزیان گرتۆتە بەر و هەوڵدەدەن کاریگەریە تەندروستی و کۆمەلایەتی و ‏ئابوریەکانی لەسەر شانی کۆمەڵگەکانیان سوک بکەن و مەترسیەکانی لە خەڵک بەدور ‏بگرن‎ .‎
لەم ساتەوەختە مێژوییە هەستیارەدا،خەڵکی عێراق هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەن ‏بەهۆی ئەوەی زیاد لەقەیرانێک رووبەڕوویان بۆتەوە،لەوانە قەیرانی سیاسی و حوکمڕانی ‏کە خۆی لە پێکنەهێنان و رێکنەکەوتن لەسەر کابینەیەکی نوێی حکومەتی فیدڕاڵدا دەبینێتەوە ‏و هاوزەمان قەیرانی دارایی و ئابووریش بۆتە هەڕەشە و جگە لە لاوازی سیستمی ‏تەندروستیی کە دەمێکە داوای گۆرینی بنەرەتی دەکرێت تیایدا‎.‎
هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هاوکێشەی ئەو ناوچە پڕئالۆزە،لەجیاتی ئەوەی ‏سەرکردە و بکەرە سیاسیە سەرەکیەکانی کاری شەو و ڕۆژیان هاوشانی گەڕان بەدوای ‏دەرچەیەکدا بۆ ڕزگاربوون لەو ڤایروسە و پاراستنی هاووڵاتیان،لەهەوڵی ئەوەدابن لێکەوتە ‏نەرێنییەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و وەستانی کار و کاسبی و بازاڕ، بەسەر هاووڵاتییانی ‏هەژار و کەمدەرامەت کەمبکەنەوە،کەچی زۆرینەی کۆبونەوەکانیان تەرخانکردووە بۆ ‏زیادکردن و فراوانکردنی کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەو دۆخە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان ‏بەگشتی بە مووچەخۆر و خەڵکی کاسبەوە‎.‎
دیارترین هۆکار بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک لە هەرێمی کوردستان پرسی ‏کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانە ئەمەش بە لێدوانی زۆر و جیا و دژیەک ‏لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە‎.‎
ئەم دەستەپاچەبونەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە لەزۆرێک لە ولاتاندا حکومەتەکان پارە ‏تەرخاندەکەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە و لێکەوتەکانی و قەرەبووکردنەوەی ئەو ‏کەسانەی بەهۆی کەرەنتینەکردنیانەوە دووچاری بێدەرامەتی بوون و سەبەتەی خۆراکیان بۆ ‏دەنێرێتە ماڵەکانیان و مووچەی تایبەتیان بۆ دەبڕنەوە‎.‎
بەرپرسانی هەرێم بەهۆی لێنەوەشاوەییان لەئیدارەدانی هەرێمێکی (٥) ملیۆن کەسی، وە ‏بەهۆی ئەو کەموکوڕییە کەڵەکەبوانەی سالانی حوکمڕانیان تائێستا نەیانتوانیوە پلانێکی ‏گونجاو لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە سەر ئاستی ئابوری بخەنە ڕوو‎.‎
لەبەرامبەر نەبونی ئەو پلانەدا لەسەر زاری بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و پەرلەمانی ‏هەرێمەوە ئاماژە بەوەدەکرێت جارێکی تر دەستکاری موچەی فەرمانبەران بکەن لەکاتێکدا ‏مانگانە پشکی هەرێم لە بەغداوە دەنێردرێ‎.‎
ئەو پارەیەی کەلە بەغداوە دەنێردرێت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانکراوە و لە ‏یاسای بودجەشدا بەو ناوەوە جێگیرکراوە و بەهیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ پاساوێکدا ‏حکومەتی هەرێم بۆی نیە دەستببات بۆ کەمکردنەوەی موچە یا بەکارهینانی لە کایەی تردا‎.‎
حکومەتی هەرێم کە حەوت ساڵە نەیتوانیوە یاسای بودجەی هەبێت بۆ بە یاساییکردنی داهات ‏و خەرجیەکانی ئیستا ناتوانێت هەرکاتێک مەبەستی بو بێ هیچ چوارچیوەیەکی یاسایی ‏دەسکاری موچە و قوتی خەڵک بکا‎ .‎
لە هەمو سیستمە سیاسیەکان بە سیستمە نادیموکراسیەکانیشەوە موچەی فەرمانبەر جۆرێک ‏لە پارێزبەندی هەیە و بەیاسا نەبێت دەسکاری ناکرێ پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کە لە ‏رابردودا بینیمان لەلایەن حکومەتەوە بێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان دەسکاریکرا و سیستمی ‏پاشەکەوتی زۆرەملێ بەسەر موچەی فەرمانبەراندا سەپێنرا‎.‎
لێرەوە هۆشداری دەدەین ئەگەر دەستکاری مووچە و قوتی فەرمانبەران بکرێت، ئێمە ئەو ‏پەرلەمانتارانەی لە خوارەوە واژۆمان کردوە بە هەموو شێوەیەک دژی هەنگاوێکی ‏لەوشێوەیەی حکومەتی هەرێم دەوەستینەوە‎.‎
ئێمە بۆ پاراستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەستکاریکردن و کەمکردنەوە هەموو ‏هەوڵێکی پەرلەمانی و یاسایی و مەدەنی و دبلۆماسی دەگرینەبەر‎ .‎
‏۱‏‎.‎ئەحمەدی حاجی رەشید‎ 
‏۲‏‎.‎غالب محەمەد علی‎ 
‏۳‏‎.‎سەرکەوت شەمس الدین‎ 
‏٤‏‎.‎رێبوار کەریم محمود‎ 
‏٥‏‎.‎کاوە محەمەد‎ 
‏٦‏‎.‎رابون معروف‎ 
‏۷‏‎.‎مثنى امین نادر‎ 
‏۸‏‎.‎سروە ونس عمر‎ 
‏۹‏‎.‎هۆشیار عەبدوڵا‎.‎
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft