رێبوار کەریم، نوێنەری پاریزگای سلیمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیەک بۆ گواستنەوەی ‏موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حکومەتی عێراق بۆرایگشتی بڵاوکەردەوە، پڕۆژەکەش لە حەوت ‏هەنگاو پێکهاتوە و داوا دەکات لە شەش مانگی داهاتودا سەرجەم موچەخۆران کە ملیۆنێک و 256 هەزار و ‏‏850 کەسە بخرێنەسەر بەغدا‎. 
‎ ئەمڕۆ (یەکشەممە) بەرواری (14/6/2020) رێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ‏کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پڕۆژەکە لە حەوت قۆناغ پێکهاتوە و لە قۆناغی یەکەمدا داواکراوە ‏حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماری لیستی بایۆمەتری کە ناوی سەرجەم موچەخۆرانی تێدایە کە ژمارەیان ‏ملیۆنێک و 256 هەزار و 850 کەسە رادەستی بەغدا بکات‎.‎
‎ ‎لە قۆناغی دوەمدا و بەرامبەر رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بە رادەستکردنی نەوت و بەشێک لە داهاتی ناوخۆ ‏بەغدا پابەند بکرێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران کە ژمارەیان 753 هەزار و 880 موچەخۆرە، حکومەتی ‏هەرێمیش خۆی موچەی (خانەنشینان، چادێری کۆمەڵایەتی، شەهیدان و زیندانیانی سیاسی) دابەشبکات کە ‏ژمارەیەک لە کوردستان 502 هەزار  و 970 کەسە‎.‎
ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕو، لە قۆناغی سێیەمدا بەغدا لقی بانکە حکومییەکانی لە هەرێمی کوردستان ‏بکاتەوەو وتی: "ئێمە قسەمان لەگەڵ بانکی رافیدەین کردوە و ئەوان رازی بون، بەڵام حکومەت هەرێم ‏تەنانەت ئامادە نیە لەگەڵیان کۆببێتەوە"، لە هەنگاوی چوارەمیشدا بەغدا موچەی 753 هەزار و 880 ‏فەرمانبەر بخاتە سەر هەژمارەکانیان‎.‎
‎ ‎لەبارەی جیاکردنەوەی ئەوانەی بە "بندیواری" ناودەبرێن رێبوار کەریم وتی، لە هەنگاوی پێنجەمدا باس ‏لەوانە کراوە کە بە "بندیواری" ناودەبرێن، بە گوێرەی پڕۆژەکە هەر فەرمانبەرێک لە ماوەی 60 رۆژدا ‏سەردانی بانک نەکات بۆ موچەکەی گومان دەخرێتە سەر هەژمارەکەی و دەسڕدرێتەوە، "لەئێستادا بەداخەوە ‏لە کوردستان کەسێک لە یەک کاتدا پارەی ژمارەیەک موچەخۆری دیکە وەردەگرێت، کە گومانی بندیوار ‏بونی لێدەکرێت و بە گوێرەی پڕۆژەکە دەبێت هەمو کەسێک خۆی بچێت بۆ موچەکەی‎". 
ئەوەشی خستەڕو، لە هەنگاوی شەشەمدا و لە ماوەی 90 رۆژدا دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەڵدەستێت ‏بە بڕینی موچەی ئەو کەسانەی هەژمارەکانیان بندیوارن و  نەهاتون بۆ موچەکانیان، ئەوانیش وەک نوێنەرانی ‏کورد بەلایانەوە گرنگە ئەم پڕۆژەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لە هەنگاوی ‏حەوتی پڕۆژەکەدا هاتوە، کە لە پڕۆژیاسای ساڵی 2021دا حکومەتی عێراق پابەند دەکرێت بە راستەوخۆ ‏دابەشکردنی موچەی ملیۆنێک و 256 هەزار و 850 موچەخۆری هەرێمی کوردستان‎.‎


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft