پاش پەسەندکردنی بودجەی ساڵی (2021) لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، (فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) راگەیەندراوێکی بۆ رایگشتی بڵاوکردوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: (جێگیرکردنی پشکی کورد لەبودجەی گشتی عێڕاق گرنتیەکی باشە بۆ هەرێمی کوردستان هەم بۆ دابینکردنی مووچەیەکی شایستە بۆ مووچەخۆران و هەم بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بەڕووی گەنجانی هەرێمدا .)
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەندراوەکەیە:
(ڕاگەیەنراوی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)

هاوڵاتیانی سەربەرزو خۆڕاگری سنووری جوگرافی پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) و ئیدارەکانی (گەرمیان و ڕاپەڕین) هەروەک ئاشکرایە دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆو کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دواجار گرێ کوێرەی بودجە کرایەوەو پشکی هەرێم لەبودجەی گشتی عێڕاق بۆ ساڵی (٢٠٢١) لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەنگی لەسەردراو جێگیرکرا .
ئەمە جگەلەوەی لەڕووی داراییەوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لەهەمان کاتدا بنەمایەکی باشە بۆ زیاتر لێک تێگەشتن لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەو گرفتە هەڵپەسێردراوەکانی تر .
لێرەوە بەپێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێزان هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی بکەین کەهەر لەسەرەتاوە هەموو هەوڵ و کۆششە سیاسی و دبلۆماسیەکانیان چڕکردبویەوە لەپێناو گەیشتن بەڕێکەوتن لەگەڵ بەغداو چارەسەری سەرجەم کێشە سیاسی و داراییەکان لەپێناو ژیانێکی جوانترو شایستەتر بە خەڵکی کوردستان.
هەروەها سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی بەڕێز کاک قوباد سەرۆکی وەفدی دانوستانی هەرێم و تیمەکەی دەکەین کە ماندوونەناسانە چەندین جار سەردانی بەغدایان کردو هەموو هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن لەپێناو قووت و ژیانی خەڵکی هەرێم .
سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق کەداکۆکیکاری ڕاستەقینە بوون بۆبەدیهێنانی ئەم ماف و داوا ڕەوایە .
سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ نوێنەرانی کورد لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق کە ڕۆڵی باشیان هەبوو لەجێگیرکردنی پشکی کورد لەبودجەی گشتی عێڕاق .
سوپاس و پێزانینمان بۆ هەموو ئەو پەرلەمانتارو سیاسیانەی کەڕۆڵی ئیجابییان هەبوە لەم کەیسەدا .
دیارە جێگیرکردنی پشکی کورد لەبودجەی گشتی عێڕاق گرنتیەکی باشە بۆ هەرێمی کوردستان هەم بۆ دابینکردنی مووچەیەکی شایستە بۆ مووچەخۆران و هەم بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بەڕووی گەنجانی هەرێمدا .
بەئومێدی ئەوەی هەموو داخوازیە ڕەواکانی تری خەڵکی هەرێم بێتەدی .
فراکسیۆنی یەکێتی 
لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
٢٠٢١/٣/٣١


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft