ئەمڕۆ سێ شەممە (27/4/2021) لە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا، دەنگ بە پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی درا.
 لە دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا گفتوگۆ لەبارەى پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان کرا . 
لە دانیشتنەکەدا ئەندامانی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە فراکسیۆنی (خزمەت)بەهۆی دیارینەکردنی پشکی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
 هاوکات لیستی هاوپەیمانی داوایکرد ئەنجومەنى شارەوانییەکان لەڕێگەی هەڵبژاردن لەناو خەڵکدا یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەیەوە بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد.
لەکۆتایی دانیشتنەکەدا 13ئەندام بەزۆرینەى دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکان هەڵبژێردرا، کە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە و بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی جێگریەتی.
بەگوتەی هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانیەکان  لەسەر بنەمای پشکی حزبییە نەک کارامەیی و لیهاتوویی.
ئەگەرچی بڕگەی دووەمی دانیشتنەکە بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر پێشنیازی زیادکردنی دوو ئەندام بۆ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی. بەڵام گۆڕانکاری لەم بڕگەیەدا کراو پێشنیازکرا لە بری زیادکردنی (2) ئەندام (4) ئەندام زیاد بکرێت بۆ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بەبێ ئەوەی هیچ ئەندامێکی ئەنجومەن ناڕەزایی دەرببڕێت لەسەر دەستکاریکردنی بڕگەکە.

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft