ئەمڕۆ (پێنج شەممە)، (8/7/2021)، ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی (64)هه‌مین دانیشتنی خۆی بەشێوەی نائاسایی ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر  (راسپاردەی نوسینگەی تایبەتی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ تەواوکردنی رێکارە یاسایی و کارگێریەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بە(١٩)یەمین پارێزگای عێراق و(٤)ەمین پارێزگای هەرێم.)
لەکۆتاییشدا بەکۆی دەنگی (26) ئەندامی ئامادەبوو، دەنگ لەسەر تەواوکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕیەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدرا...
ئەگەر چی بە پێی (ئەجێندای دانیشتنەکە) بڕیار بوو هەریەکە لە پارێزگاری هەڵەبجەو جێگری پارێزگار ئامادەبوونایە، بەڵام بە گوتەی (سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) کەمێک پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکەی ئەنجومەن، پارێزگاری هەڵەبجەو جێگری پارێزگاروەڵامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییان داوەتەوە کە ئامادەی ئەو دانیشتنە نابن) ئەمەش نیگەرانی لای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دروستکرد، هەندێک ئەندام پێێان وابوو پارێزگاری هەڵەبجەو جێگری پارێزگار لەخەمی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا نین...
شایانی باسە پارێزگای هەڵەبجە خۆیان بە پارێزگایەکی سەربەخۆ هەژمار دەکەن و پێیان وایە بۆ (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) نییە دەستوەرداتە کاروباریان، ئەمەش دووەمین جارە پارێزگاری هەڵەبجە ئامادەی نابێت بێتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی....
بەڵام لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت، بۆچی نوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق پرسی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە، ئاڕاستەی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) دەکات؟



SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft