لە درێژەی سەردانەکاندا بۆ لای فراکسیۆنەکان و نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلیمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی)و هەروەها ناساندنی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان) بە نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلێمانی بۆ خولی پێنجەمی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، ئەمڕۆ (16/1/2022) (ئارام کەمال) بەڕێوەبەری پڕۆژەی(پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) سەردانی بەڕێز (د. بڕیار رەشید شەریف) لە فراکسیۆنی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) کرد. 

 

د. بڕیار رەشید شەریف:


پڕۆژەی پارێزگای سلێمانی و نوێنەرانی هەم بەدواداچوونە هەم هاندانێکیش دەبێت بۆ نوێنەران


  لە سەردانەکەدا (ئارام كەمال) تیشكی خستەسەر چالاكییەكانی پڕۆژەو چۆنیەتی هاوكاریكردن‌و بەشداری نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
پاشان بەڕێز (د. بڕیار رەشید) خۆشحاڵی خۆی بۆ پڕۆژەكە دەربڕی‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ئامادەن بەشداری چالاكییەكانی پڕۆژەكە بكەن، هەروەها ناوبراو ئەم جۆرە پڕۆژانەی بەگرنگ ناوبردو وتی " ئەم پڕۆژەیە بەکارێکی گرنگی دەزانم، ئەشێت فیدباکێکی باشی لە سەر نوێنەرەکان هەبێت، ئەمەش وادەکات کە نوێنەرەکان بەگوڕوتینێکی زیاترەوە کار بکەن بەتایبەتی کە ئیستا نوێنەرایەتی بازنەکان هەیە..."
هەر لە درێژەی وتەكانیدا ناوبراو وتی: " ئەم پڕۆژەیە وادەکات نوێنەر نوێنەرێکی راستەقینە تربێت بە حوکمی ئەوەی نوێنەرایەتی ناوچەیەکی سنورداری بچووکتر دەکات وەک لە جاران کە لەسەر ئاستی پارێزگاکەبوو، لە بەر ئەوە ئەمەی ئێوە کە وەک رێکخراوێکی سەربەخۆ ئەم بەدواداچوونە دەکەن و هەم بەدواداچوونە هەم هاندانێکیش دەبێت لەبەرئەوە  بە شتێکی زۆر پۆزەتیڤی دەزانم ". 
لە كۆتایشدا بەڕێوەبەری پڕۆژە سوپاس‌و دەستخۆشی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی ئاڕاستەی بەرێز (د. بڕیار رەشید)كرد لەبەرامبەر وەڵامدانەوەی ئەرێنیان بۆ پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی). 
شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بە پاڵپشتی رێكخراوی (NED)ی ئەمریكیی جێبەجێدەکرێت.

SHARE
© Copyright 2022 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft