ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راسپاردە بۆ چارەسەری موچەی خانەنشینان دەخاتەڕوو

رۆژی شەممە (6/3/2022)، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە ئامادەبونی جێگری سەرۆک و، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و قائیمقامی سلێمانی وهەریەکە لە  بەڕێوەبەری گشتی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی ھەرێم، نوێنەری وەزارەتی دارایی و سەرجەم بەڕێوەبەری بانکەکانی سلێمانی بۆ دابەشکردنی موچە کۆبۆوە.

لەکۆبونەوەیەکی راوێژکاریدا پێشنیازەکانی چارەسەرکردنی گرفتی پێدانی مووچە بەتایبەتی مووچەی خانەنشینان تاووتوێ کران، سەرەڕای کێشەی کەمی پارە لە بانکەکان.

لە کۆتایدا بە کۆی دەنگی ئامادەبوان بڕیاردار ئەم راسپاردە ھەنوکەییانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکرێن:

١- جیاکردنەوەی موچەی خانەنشینی سەربازی لەخانەنشینی مەدەنی لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا.

٢- لەکاتی دانانی خشتەی موچەدا ئەولەویەت بدرێت بە خانەنشینان لەناو ریزبەندی وەزارەتەکاندا.

٣- زیادکردنی بینا و بنکەی دابەشکردنی موچە بۆ بانکەکان، لەھەر شوێنێک کە پێویست بێت.

٤- لەکاتی دابەشکردنی موچەی خانەنشیندا ، بەپێی ژمارەی ناسنامەی خانەنشینی یان بەپێی پیتەکانی ئەلفوبێی ناوەکانیان بێت.

٥- شوێنی گونجاو شایستە دابین بکرێت بۆ خانەنشینان لەکاتی چاوەڕێ کردنیان بۆ وەرگرتنی موچەکانیان.

راسپاردە بۆ چارەسەری دورمەودا:

پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی قۆناغی دوەمی سیستمی بایۆمەتری.

ا- دابەشکردنی موچە بکرێت بە سیستمی کارتیی ئەلەکترۆنی.

ب- پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی سیستمی ژمارەی ھاوتای کەسی.

ج- ھەژماری بانکیی بۆ موچەخۆران و خانەنشینان بکرێتەوە.

شیانی باسە مووچەی خانەنشینان بەشێوەیەکی زۆر نادروست دابەشدەکرێت و چەند جارێکیش چەند خانەنشینێک لە کاتی وەرگرتنی مووچەدا لەژیر پاڵەپەستۆدا کۆچی دواییان کردووە.

 

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft