بەپێی نرخی ڕاگەیەنراوی بەرێوەبەرایەتییەكانی حەج و عەمرە لە عێراق و هەرێم، تێچووی حەج بۆ هاووڵاتیانی هەرێم 500 دۆلار زیاترە لە تێچووی حەجكردنی هاووڵاتیانی عێراق.
لەکاتێکدا دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق ڕایگەیاندووە، تێچووی حەجی ئەمساڵ لە رێگەی ئاسمانییەوە چوارهەزار و ٢٠٠ دۆلارە و، لە رێگەی وشكانیشەوە تەنها سێ هەزار و ٤٥٠ دۆلارە.
بەم پێیەش تێچووی حەج بۆ هەر هاووڵاتییەكی هەرێم كە دەیەوێت گەشتی حەج ئەنجام بدات 500 دۆلار لە هاووڵاتیانی عێراقی زیاترە.
(سۆران عومەر) نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) بەدواداچون بۆ هۆكاری جیاوازیی تێچوی حەجی هەرێم و عێراق كردووەو رایگەیاندووە، عێراق هاوكاری حاجیەكانی دەكات، پێویستە هەرێمیش هەمان هاوكاری بكات.
نوێنەرەکەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، پاش قسەكردن لەگەڵ سەرۆكی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق و سەردانی سەرۆكی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی عێراق و قسەكردن لەگەڵ بەرپرسی حەج و عەمرەی هەرێم دەركەوت هۆكاری زیادكردنی نرخی حەج لەهەرێم بەبەراوردی عێراق بەبڕی ٥٠٠ دۆلار بۆ هەر حاجیەك دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەشاری مەككە هەرێم خۆی شوێنی گرتووە بۆ حاجیەكان گوایە نزیكترە لە حەرەم و سێ ژەم خواردن دابینكراوە عێراق دوو ژەم خواردنی دابینكردوە، هەرێم دەرمانی كڕیوە بۆ حاجیەكان بەڵام عێراق دەرمانی بێ بەرامبەرە، عێراق تكتی فڕۆكەی بە داشكاندن دابینكردوە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، سەرۆكی دەستەی حەج و عەمرە وتی بەهەرێممان وتوە ئێمە شوێنتان بۆ دەگرین كەمتر دەكەوێ وتویانە ئێمە پێشتر ئەوشوێنەمان گرتوەو نزیكترە، وتیشی پێویستە هەرێم لەداهاتی وەزارەتی ئەوقاف و داهاتی عەمرە ئەو پارە زیادە دابین بكەن و هاوكاری حاجیەكان بكەن لەعێراق ئەو ستافانەشی كە لەگەڵ حاجیەكانن پارەی حەجیان لەسەر تێچوی حەجی حاجیەكان دانەنراوە، جگە لەوە دۆلاریان بە 120 هەزار بۆ دابین دەكەن و دەستەی حەج و عەمرە داهات و وەبەرهێنانی هەیە لەو داهاتە هاوكاری حاجیەكان دەكات. 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بەڵام لەهەرێم هیچ هاوكاریەكی حكومەت نییە بۆ حاجیەكان لەبەر ئەوە جیاوازی نرخی حەج  500 دۆلارە

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft