پاش ئەوەی لە دانیشتنی سێیەمی كۆبوونەوەی یەكەمی خۆیدا لە بەرواری (11 /12/2014 ) ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا بە : هەڵبژاردن‌و دانانی بەڕێز ( د. ئاسۆ فەرەیدون عەلی ئەمین) بە پارێزگاری سلێمانی، بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن‌و پاڵپشت بە ماددەی (شەشەم) بڕگەی (سێیەم/ یەكەم) لە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009) (یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان).بەمەش  ئەنجومەنی پارێزگا، هەستا بەجێبەجێكردنی ئەو ماددەیە كە تیایدا هاتووە ( هەڵبژاردنی پارێزگار لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەن بە زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن لە ماوەیەكدا كە ئەو پەڕی (30)سی رۆژ لە مێژووی بەستنی یەكەمین دانیشتنەوە).
هەڵبژاردنی (ئاسۆ فەرەیدون) لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە پاش جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان (بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی) هات، كە بۆ دوو ساڵی یەكەم، پۆستی پارێزگار  بۆ یەكێتی بێت‌و بۆ دوو ساڵی دووەم پۆستەكە بدرێت بە بزووتنەوەی گۆڕان) ئەم رێككەوتنە كۆتایی بە لاوازی ئەنجومەنی پارێزگا هێنا لە هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ سلێمانی.
(د. ئاسۆ فەرەیدون)، دەست بەكاربوو لە پۆستەكەی تا ئەو كاتەی لە كۆبوونەوەی ژمارە (29)ی ئەنجومەنی پارێزگادا لە (25/8/2016) ئەنجومەن بە زۆرینەی دەنگ بەخشینی (د. ئاسۆ فەریدون)ی پەسەند كردو بەهەمان شێوەش بە زۆرینەی دەنگ (د. هەڤاڵ ئەبوبەكر) بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی هەڵبژێردرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە سیاسیەكانەوە، (د. هەڤاڵ ئەبوبەكر) لە پۆستەكەی دەستبەكار نەبوو، دواتریش گەڕایەوە ئەنجومەنی پارێزگاو وەك ئەندامی ئەنجومەن، ئەگەر چی (د. ئاسۆ) داوای بەخشین كرد لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ، بەڵام لە هەمان كاتدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پاڵپشت بە نوسراوی نووسینگە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (4587) لە (1/11/2016)دا، فەرمانی مۆڵەتی بێ مووچەی بۆ (د. ئاسۆ) دەركردووە بۆ ماوەی یەك ساڵ واتە پێویستە (د. ئاسۆ) لە (1/11/2017)دا بگەڕێتەوە سەر ئیشەكەی خۆی. فەرمانی وزاری ژمارە (18125) وەزارەتی ناوخۆ لە (9/11/2016).
هەر بەپێی هەمان فەرمانی وزاری (سەردار قادر)جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونەری بۆ راپەڕاندنی كاروباری پارێزگای سلێمانی بەسیفەتی (جێگری پارێزگاری سلێمانی) سەرەڕای كارەكانی خۆی تا تەواو بوونی مۆڵەتی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی .
بەڵام بێدەسەڵاتی وای لە (سەردار قادر) كرد، پێش تەواو بوونی مۆڵەتی ساڵانەكەی (د. ئاسۆ) لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە بەرواری (2/5/2017)دەست لەكار كێشانەوەی خۆی راگەیەاند.  وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانی وەزاری ژمارە ٧٨٨٤ وەڵامی نوسراوێکی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی داوەتەوە، لە نوسراوەکەدا هاتووە لەبەر ڕۆشنایی ماددەی بیستەم لە یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە(٣)ی ساڵی ٢٠٠٩ بڕیاردرا لەکاتی ئامادەنەبوونی سەردار قادر، ئەوا عومەر قەڵادزێی کە پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانییە بۆ کاروباری کارگێری جێگەی (سەردار قادر) بگرێتەوە..
ئێستاش وابڕیارە (سەركەوت حەسەن)  بۆ پارێزگاری سلێمانی دابنرێت، لەوبارەیەوە ناوبراو به‌ رادیۆی نه‌وای راگەیاندووه‌: لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە كاندیدكراوم بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، چاوەڕێی ئەوە دەكەم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە فەرمانەكەم بۆ دەربچێت و دەستبەكاربم
. دانانی ناوبراو بۆ پارێزگاری سلێمانی پێچەوانەی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009) (یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان)ە وەك پێشتریش ئاماژەمان بۆ كرد پارێزگار دەبێت لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەندا بێت واتە دەبێت هەڵبژێردراوی خەڵك بێت، بەدەنگی ئەندامانی ئەنجومەن متمانە وەربگرێت.   
 ئەگەر ئەم پرۆسەیە لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە ئەنجام نەدرێت، وە ئەنجومەن هیچ هەڵوێستێكی نەبێت، ئەوا مصداقیەتی ئەنجومەن دەكەوێتە ژێر پرسیارەوەو ئەنجومەن‌و ئەندامانی ئەنجومەن بێدەسەڵاتی خۆیان بۆ دەنگدەرانیان دەسەلمێنن ئەو راستیەش پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەوە حیزبە ئەتوانێت گۆڕانكاری لە جومگەكانی دەسەڵاتدا بكات، نەك نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵك.
بۆیە ئەبێت ئەنجومەن ئەمجارە بەجدی بێتە سەرخەت‌و رێگا نەدات ئەوەی لە گۆڕانكاری پۆستی قائیمقامی قەزای (چەمچەماڵ)دا بەسەریدا تێپەڕی، لە دانانی پارێزگاری سلێمانیشدا بەسەریدا تێپەڕێت.





SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft