ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كار له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ك ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی ژیان بۆ هاوڵاتیان له‌سنوری پارێزگاكه‌دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی بیانی هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن 
رۆژی دوشه‌ممه‌ 21-8-2017، (ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به‌ئاماده‌بونی (ئه‌نوه‌ر شه‌هید تاهیر) جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن، پێشوازیی لە شاندێكی رێكخراوی (DRC)ن نه‌رویجی كرد، كه‌ به‌مه‌به‌ستی هاوكاریی‌و پشتیوانیكردن، سه‌ردانی ئه‌نجومه‌ن پارێزگایان كردبوو .
له‌میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، گفتوگۆ‌و بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا سه‌باره‌ت به‌هاوكاریكردنی هاوڵاتیان، له‌پێناو دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی بژێویی ژیان‌و پشتبه‌خۆبه‌ستن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌وڵ ده‌ده‌ن پرۆژه‌یه‌ك له‌سنوری پارێزگای سلێمانیدا جێبه‌جێ‌ بكرێت، به‌ئامانجی هاوكاریكردنی هاوڵاتیانی پارێزگاكه‌ .
شاندی رێكخراوه‌ نه‌رویجییه‌كه‌ ئاماده‌ییان پیشاندا هاوكاریی‌و پشتیوانیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكه‌ن له‌سه‌رخستنی پرۆژه‌كه‌دا، هه‌تا له‌سنوری پارێزگای سلێمانیدا، هاوكاریی هاوڵاتیان بكرێت، بتوانن پشت به‌خۆیان ببه‌ستن‌و سه‌رچاوه‌ی ژیان دابین بكه‌ن، بڕیاریشه‌ له‌داهاتودا كاری جدی له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ بكرێت‌و به‌هاوكاریی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ .


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft