پاش ئەو دەنگۆیانەی لەسەر پابەند نەبوونی بەڕێز (فەیسەڵ ئیبراهیم عەزیز) بە دەوامی ئاسایی خۆی وەك ئەندامانی تری ئەنجومەنی پارێزگا، ئەمەش بوو بە یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵوەشاندنەوەی فراكسیۆنی خزمەت  لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەم بارەیەوە بەڕێز (خەدیجە عبدالجبار) ئەندامی فراكسیۆنی خزمەت لەسەر پشكی (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان)، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی روونكردنەوەیەكی بەناوی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڵاوكردەوەو تییادا هەڵوەشاندنەوەی فراكسیۆنی خزمەتی راگەیاندووەو  هۆكارەكەشی بۆ پابەند نەبوونی بەڕێز (فەیسەڵ ابراهیم )  ئەندامی فراکسیۆنی خزمەت لە پشکی (کۆمەڵی ئیسلامی) کە پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنەکەش بووە پابەند نەبووە بە دەوام کردن و کەمتەرخەم بووە لە ئەداکردنی ئەرکەکانی.
هەروەها لە راگەیاندنراوەكەدا هاتووە كە هۆكارێكی تر ی هەڵوەشاندنەوەی فراكسیۆنەكەی گەڕاندۆتەوەوە بۆ ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی سەربەخۆلەگەل فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

ئەمەی خوارەوەش دەقی روونكردنەوەكەیە

بۆ بەرجاو ڕوونی هەموو لایەک بە پێویستی دەزانین هەموو لایەک ئاگادار بکەینەوە کە لەبەرواری ٢٠١٧/١١/١ سەرۆکی لیستی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجومەنی پاریزگای سلیمانی و بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانیمان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی لەدوای ئەو بەروارەوە هەردوو لیستی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی وەک دوو لیستی سەربەخۆ کار و چالاکی یەکانی خۆیان لە ئەنجومەنی پاریزگای سلیمانی دریژە پێدەدەن لە بەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١. لەماوەی ١٨ مانگی رابردوودا بە هۆی ئەوەی بەڕێز (فەیسەڵ ابراهیم ) ئەندامی فراکسیۆنی خزمەت لە پشکی کۆمەڵی ئیسلامی کە پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنەکەش بووە پابەند نەبووە بە دەوام کردن و کەمتەرخەم بووە لە ئەداکردنی ئەرکەکانی وەک ئەندامی ئەنجومەن و مانەوەی لە وڵاتی بەریتانیا بە بێ مۆڵەت , چەندین جار برایانی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیمان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بەرێزیان ئەندامێکی فراکسیۆنەکەمانە و ئامادەنین سازش لە خەمساردی بەڕێزیان بکەین لە ئیش و کاری ئەنجومەندا , لەبەرئەوەی هەریەک لەئێمە نوێنەرایەتی ٢٨ بیست و هەشت هەزار دەنگدەر دەکەین ,داوامان کردووە یان پابەند بێت بە ئەرکەکەیەوە یاخود ئەندامێکی تری کۆمەڵی ئیسلامی جیگای بگرێتەوە , لەکاتیکدا لەو ماوە زۆرەدا ئەم فراکسیۆنە لەبری چوار ئەندام تەنها سێ ئەندام لەکاردابوون , بەداخەوە نەیانتوانی وەلامێکی عەمەلیمان بدەنەوە ..هەر لەم بارەیەوە جەندین جار سەرۆکایەتی ئەنجومەنیشمان ئاگادار کردووەتەوە کە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەل ئەم بابەتەدا بکات .
٢. بەرێزان فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە ئەجیندای کۆبوونەوەی ژمارە (٤٠)ی ئەنجومەنی پاریزگای سلیمانی , لەگەل فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە , بەبێ گەرانەوە بۆ فراکسیۆنی خزمەت ! لەکاتێکدا لە چوارچێوەی کاری ئەنجومەنی پاریزگای سلیمانی بەفەڕمی تەنها فراکسیۆنێکمان هەیە بەناوی (فراکسیۆنی خزمەت ) نەک فراکسیۆنی یەکگرتوو یان فراکسیۆنی کۆمەڵ , کە ئەمەش واتای هەڵوەشاندنەوەی فراکسیۆنی خزمەتە بە عەمەلی لەلایەن برایانی کۆمەڵی ئیسلامی یەوە , ئێمەش بە پێویستمان زانی ڕێز لە ویستی بەڕێزیان بگرین ...هەر بۆیە لە ئایندەدا وەک دوو فراکسیۆنی سەربەخۆ دریژە بەکاری خۆمان دەدەین و ئەم هەنگاوەش هیچ کاریگەریەکی نابێت لە پەیوەندی برایەتی و کاری هاوبەشماندا .......
لەگەڵ ڕێزدا
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 
لەئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft