ئەمڕۆ (سێشەممە) بەرواری (16/1/2018) ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (چل‌و سێیەمین)کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامدا، كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنبوو لەسەر سێ تەوەر، كەبریتیبوون لە

  1. دەنگدان لەسەر دانانی بەڕێز (ڕەمەزان نامیق) وەك شوێنگرەوەی بەڕێز (فەیسەڵ ئیبراهیم) ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
  2. دەنگدان لەسەر دانانی بەڕێز (ئەحمەد عەلی)وەک جێگری پارێزگاری سلێمانی.
  3. داوای هەڵپەساردن و راگرتنی وەرگرتنی ڕسوماتی خزمەتگوزاری شارەوانیەکان.

لە كۆبوونەوەكەدا كە نزیكەی دووكاتژمێری خایاند، هەرسێ تەوەری كۆبوونەوەكە گفتوگۆیان لەسەكرا، سەرەتا بە سوێندخواردنی بەڕێز(ڕەمەزان نامیق) دەستی پێكرد‌و ناوبراو وەك ئەندامی نوێی ئەنجومەن دەستبەكاربوو، پاشان بەزۆرینەی دەنگ، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێز (ئەحمەد عەلی)وەک جێگری پارێزگاری سلێمانی دەستنیشانكرد .

پاشان بەڕێز سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری‌و شارەوانییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، یاداشتی لیژنەكەی بۆ ئەندامانی ئەنجومەن خوێندەوەكە تایبەتبوو بە بڕیاری زیادكردنی رسومات و چەند پێشنیارێكی تێداخرابوویە روو، لەوانەش داوای هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (6) ی ساڵی (2006) ی وەبەرهێنان و یاسای ژمارە (130) ساڵی (1963)، ئەم هەموارکردنەوەیە هۆکارێکیشە بۆ زیادکردنی داهات بەنمونەی وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاگەورەکانی نەوت و گازو بازرگانە گەورەکان...هەروەها وەک زیادکردنی سەرچاوەی داهات گێرانەوەی ئەو موڵک و ماڵە حکومی و گشتی یانەی کە لەلایەن خەڵک و حیزب و ڕێکخراوەکانەوە داگیرکراون .

لەكۆتاییدا لەپێناوبەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاریدا كە بەڕێز پارێزگاری سلێمانی كارو بەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران نەكات‌و بڕیارەكە رابگرێت، تائەوكاتەی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ پەرلەمانی كوردستاندا راوێژ لەسەر ئەو بڕیارەبكەن .










SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft