ئەمڕۆ (یەكشەممە)، بەرواری (1/4/2018) لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، كۆبووونەوەیەكی فراوان بەمەبەستی كۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەكان‌و كردنەوەی دەوامی قوتابخانەو فەرمانگەكان، بەڕێوەچوو ئامادەبوونی بەڕێز (د. هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی‌و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و سەرجەم بەڕێوبەرەگشتییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوبەری هەندێك لە فەرمانگەكان‌و  هەروەها هێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس‌و پۆلیسی چالاكییەمەدەنیەكان‌و لیوای یەكی سلێمانی .

لەكۆبوونەوەكە بارودۆخی ئەمڕۆی پارێزگای سلێمانی‌و بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گۆڕانكاریكردن لە سیستی مووچە‌و كۆتایهێنان بەخۆپیشاندانەكان‌و كردنەوەی دەرگای خوێندنەگەو فەرمانگەكان بەچڕی گفتوگۆیان لەسەركرا، لە كۆتایشدا بڕیاردرا كە مۆڵەتی (12) رۆژ بدرێتە حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی حكومەت سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە بەسیستمی نوێ .

بەڕێز (ئازاد محمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و بەشداربووی  كۆبوونەوەكە، تایبەت بە پێگەی ئەلكترۆنی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی راگەیاند: " كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر ناڕەزایەتی‌و داواكاریە رەواكانی خۆپیشاندەران‌و هەروەها بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بە سیستمی نوێ، لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردرا (12) رۆژ مۆڵەت بدرێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان تا مووچەی تەواوی فەرمانبەران  بەسیستمی نوێ دابەشبكرێت، ئەگەر نا ئەوكات ئێمەش بڕیارێكی ترمان دەبێت ."

هەروەها  سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بەڕێز پارێزگاری سلێمانی پەیامێك ئاڕاستەی تەواوی مووچەخۆرانی سنوری پارێزگای سلێمانی بكات بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر كارو فەرمانەكانی خۆیان، تا حكومەت لەماوەی (12) رۆژدا بڕیارەكەی خۆی جێبەجێبكات ..."

لەوەڵامی ئەوپرسیارەدا ئەگەر حكومەتی هەرێم لە ماوەی ئەم (12) رۆژەدا بڕیارەكەی جێبەجێنەكرد، ئایا هەڵوێستی ئەنجومەنی پارێزگا چی دەبێت؟

لەوەڵامدا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وتی: "ئەگەر لە حاڵەتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵنەكەی جێبەجێنەكرد، ئەوا دووبارە پشتیوانی لە داخوازیە رەواكانی خۆپیشاندەران دەكەینەوە، جارێكی تر كۆدەبینەەو بڕیارێكی تر دەدەین "

هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە سیاسیەكان لەسەر كۆتاییهێنان بەخۆپیشاندان، سەرۆك ئەنجومەنی پارێزگا رایگەیاند:" هەرلەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا، كە بەڕێز پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسیەكاندا كۆببێتەوە لەو بارەوە گفتوگۆ بكەن‌و بەوەی كە رێگر نەبن لەبەرامبەر ئەو پەیامەی بەڕێز پارێزگارسلێمانی كە ئاڕاستەی مووچە خۆرانی دەكات، چونكە لایەنە سیاسیەكان رۆڵیان هەیە لە یەكلاییكردنەوەی بارودۆخەكەدا . "

لای خۆشیەوە بەڕێز (د. هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، پشتیوانیی لە ماف و داوای ڕەوای خەڵك و موچەخۆران و خانەنشینان دەكەین، و سیستمی پاشەكەوتی موچە لە سەرەتاوە بۆ ئێستا بە كارێكی نایاسایی و ناڕەوا دەزانین .

هەروەها ئەوەشی راگەیاند، كە هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە هیچ بڕیار و فەرمانێك بۆ سزادانی موچەخۆران لەئارادا نییە، هیچ دوورییەك لە نێوان داوای ڕەوای خەڵك و ئەركی بەرپرسانەی دەزگاكاندا نییە .

هەروەك لە كۆتایی پەیامەكەشیدا داوا دەكات لەپێناوی دروستكردنەوەی متمانەو نەوەستانی ژیانی گشتیدا تا كاتی دڵنیابوون لە سیستمی نوێ‌، خوێندنگاو نەخۆشخانەو تەواوی فەرمانگەكان بكرێنەوەو بكرێنە‌ پێگەی چاودێریكردنی حكومەت‌و پاراستنی داوا ڕەواكان و كاراكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان. .


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft