سەبارەت بەگرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كرد لەپارێزگای سلێمانی، سەبارەت بەناوەڕۆكی سەردانەكە، بەڕێز (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)، رایگەیاند: (پاش ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران هەستا بەگرتنەوەی ئاوی زێی بچوك‌و دروستكردنی بەنداوێك سەرەنجام قەزای پشدەری تووشی بێ ئاوی كرد، وەك ئەنجومەنی پارێزگا بە پێویستمانزانی سەردانێكی كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران بکەین، لەكۆبوونەوەكەدا پاش گفتوگۆكردن لەسەر مەترسیەكانی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لەسەر هاووڵاتیانی سنوری قەزای پشدەر، هەروەها نوسراوێكیشمان ئاڕاستەكردن، هەرلە كۆبوونەوەكەدا سەر كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران راستەوخۆ پەیوەندیان بە پەرپرسانی ئێرانەوەكرد، خۆشبەختانە بەڵێنیاندا كە 100% دڵنیابین لەوەی دروستكردنی ئەم بەنداوە نابێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاوی خواردن‌و كشتوكاڵ لەهەرێمی كوردستاندا .(

هەروەها هەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە (سەركونسڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رایانگەیاند، كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ ئەوە بكات هەردوو ئاوی زێی بچوك‌و سیروان بخاتە ناو ئەو رێكەوتنەی كە لە نێوان هەردوو حكومەتی عێراق‌و ئێران داكراوە لەسەر 7 رووباری عێراق (.

شیاوی باسە ساڵانە كێشەی گرتنەوەی ئاو لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، روودەدات‌و دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوكێ لەلایەن هاووڵاتیانەوە .

پاشان لەكۆتاییدا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هاووڵاتیانی دڵنیاكردەوە كە كێشەكە لەچارەسەری یەكجارەكیدایەو دووبارە نابێتەوە .


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft