لەدرێژەی چالاكییەكانی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەمووان)و لە چوارچێوەی پڕۆژەی (بەهێزكردنی ئەدای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو پتەوكردنی لەگەڵ هاووڵاتیان) كە بەهاوكاری رێكخراوی (NED) ئەنجامدەدرێت. ئەمڕۆ (پێنج شەممە) بەرواری (28/6/2018) لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی (عەربەت) بەئامادەبوونی هەریەكە لەبەڕێزان (بەرزان شێخ محەمەد) و (مامۆستا صەباح فەتاح) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) هەستا بەئەنجامدانی یەكەمین گفتوگۆیكراوە لەناحیەی (تانجەرۆ) بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەرخستنەڕووی كێشەو گرفتەكانی ناوچەكەو هەروەها وەرگرتنی راوپێشنیاری هاووڵاتیان بۆ چوار ساڵی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
سەرەتای كۆبوونەوە بەوتەی بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز (رێبین عمر مەحمود) بەڕێوبەری ناحیەی تانجەرۆ، دەستی پێكردو لەوتەیەكدا بەڕێزیان تیشكی خستە سەرگرنگی ئەنجامدانی ئە جۆرە چالاكییانە، هیوای خواست كە ئەم گفتوگۆكراوەیە ئەنجامی هەبێتو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بتوانێت لەسنوری دەسەڵاتی خۆیدا هەندێك لە كێشەكانی ناحیەكە چارەسەر بكات.
پاشان هەریەكە لەبەڕێزان (بەرزان شێخ محەمەد) و (مامۆستا صەباح فەتاح) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پاش روونكردنەوەی ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەروەها ئاماژەشیان بۆ ئەو ڕیگریانە كرد كە دێنە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەر لەمیانی گفتوگۆكراوەكەدا ئەندامانی ئەنجومەن چالاكییەكانی (رێكخراوی كوردستان بۆهەمووان)یان بەرزنرخاندو بەوەی كە هەمیشە هاوكارێكی باشی ئەنجومەنی پارێزگا بوونو هەروەها رۆڵێكی زۆرباشیان هەبووە لە نزیككردنەوەی ئەنجومەن لەگەڵ هاوڵاتیان.
دواتر دەرگای گفتوگۆ كرایەوە بۆ ئامادەبووان، ئامادەبوانیش وێڕای خستنەڕووی گرفتەكانیان چەند رەخنەیەكیشیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگاكردو دواتریش راو پێشنیاری خۆیان خستەڕوو بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بتوانێت لە چوارساڵی داهاتوودا كاریان لەسەر بكات.
