ئەمڕۆ (سێ شەممە) بەرواری (17/7/2018) لە هۆڵی خانەی رۆشنبیری منداڵانی (چوارقوڕنە) بەئامادەبوونی هەریەكە لەبەڕێزان (مامۆستا كاسترۆ مەعروف) و (مامۆستا رەمەزان نامق) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەدرێژەی چالاكییەكانی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەمووان)‌و لە چوارچێوەی پڕۆژەی (بەهێزكردنی ئەدای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و پتەوكردنی لەگەڵ هاووڵاتیان) كە بەهاوكاری رێكخراوی (NED ) ئەنجامدەدرێت. هەستا بەئەنجامدانی دووەمین گفتوگۆیكراوە  لەناحیەی (چوارقوڕنە) بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەرخستنەڕووی كێشەو گرفتەكانی ناوچەكەو هەروەها وەرگرتنی راوپێشنیاری هاووڵاتیان بۆ چوار ساڵی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

گفتوگۆكراوەكە بەوتەی بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز (حاكم حسێن محەمود) بەڕێوبەری ناحیەی چوارقوڕنە، دەستیپێكردو لەوتەیەكدا بەڕێزیان تیشكی خستە سەرگرنگی ئەنجامدانی چالاكییەكە، هیوای خواست كە ئەم گفتوگۆكراوەیە ئەنجامی هەبێت‌و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بتوانێت لەسنوری دەسەڵاتی خۆیدا هەندێك لە كێشەكانی ناحیەكە چارەسەر بكات. دواتریش بەڕێزیان ئاماژەیان بۆ هەندێك لەكێشە سەرەكیانە كرد كە لە ناحیەكە بوونیان هەیەو تائێستا چارەسەر نەكراون.

پاشان هەریەكە لەبەڕێزان  (مامۆستا كاسترۆ مەعروف) و (مامۆستا رەمەزان نامق) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پاش روونكردنەوەی ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەروەها ئاماژەشیان بۆ ئەو ڕیگریانە كرد كە دێنە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەر لەمیانی گفتوگۆكراوەكەدا ئەندامانی ئەنجومەن چالاكییەكانی (رێكخراوی كوردستان بۆهەمووان)یان بەرزنرخاند‌و بەوەی كە هەمیشە هاوكارێكی باشی ئەنجومەنی پارێزگا بوون‌و هەروەها رۆڵێكی زۆرباشیان هەبووە لە نزیككردنەوەی ئەنجومەن لەگەڵ هاوڵاتیان.

دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوە ، ئامادەبوانیش وێڕای خستنەڕووی گرفتەكانیان چەند رەخنەیەكیشیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگاكردو دواتریش راو پێشنیاری خۆیان خستەڕوو بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بتوانێت لە چوارساڵی داهاتوودا كاریان لەسەر بكات.














SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft