ئەمڕۆ (پێنج شەممە) بەرواری (27/7/2018) لە هۆڵی (نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد) بەئامادەبوونی هەریەكە لەبەڕێزان (محەمەد شێخ وەهاب) و(مامۆستا كەریم عەلی) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رێكخراوی (كوردستان بۆ هەمووان)و لەدرێژەی چالاكییەكانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (بەهێزكردنی ئەدای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو پتەوكردنی لەگەڵ هاووڵاتیان) كە بەهاوكاری رێكخراوی (NED ) ئەنجامدەدرێت‘ هەستا بەئەنجامدانی چوارەم گفتوگۆیكراوە لەناحیەی (پێباز- باوەنور) بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەرخستنەڕووی كێشەو گرفتەكانی ناوچەكەو هەروەها وەرگرتنی راوپێشنیاری هاووڵاتیان بۆ چوار ساڵی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
گفتوگۆكراوەكە بەوتەی بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز (عەزیز محەمەد عبدالله) بەڕێوبەری ناحیەی دەستپێكرد، لەوتەیەكدا بەڕێزیان وێڕای ئاراستەكردنی سوپاسو دەستخۆشی بۆ (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بۆ هەڵبژاردنی ناحیەی (پێباز- باوەنور) بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاكییە، لەكۆتایشدا هیوای خواست كە ئەم گفتوگۆكراوەیە ئەنجامی هەبێتو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەجدی ئاوڕ لەكێشەكانی ناوچەكە بدەنەوە.
پاشان هەریەكە لەبەڕێزان (محەمەد شێخ وەهاب) و(مامۆستا كەریم عەلی) ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پاش روونكردنەوەی ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەروەها ئاماژەشیان بۆ ئەو ڕیگریانە كرد كە دێنە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگاكان، پاشان باس لەو چالاكییانە كرا كە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنوە بۆ ناوچەی گەرمیان بەگشت كراون، هەر لەمیانی گفتوگۆكراوەكەدا ئەندامانی ئەنجومەن چالاكییەكانی (رێكخراوی كوردستان بۆهەمووان)یان بەرزنرخاندو بەوەی كە هەمیشە هاوكارێكی باشی ئەنجومەنی پارێزگا بوونو هەروەها رۆڵێكی زۆرباشیان هەبووە لە نزیككردنەوەی ئەنجومەن لەگەڵ هاوڵاتیان، بەتایبەتی لە قەزاو ناحیەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا.
پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوە ، ئامادەبوانیش لەگەڵ گرنگی ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییە بوون و چالاكییەكە زۆر گرنگە بەڵام درەنگ ئەنجامدراو بریا زووتر ئەم چالاكییە ئەنجامبدرایە، هیوایان خواست لانییكەم لەساڵێكدا دوو بۆ سێ جار ئەم جۆرە چالاكییانە ئەنجامبدرایە دواتر وێڕای خستنەڕووی گرفتەكانیان چەند رەخنەیەكیشیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگاكردو راو پێشنیاری خۆیان خستەڕوو بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بتوانێت لە چوارساڵی داهاتوودا كاریان لەسەر بكات.
