دوابڕیار بۆ چارەسەری کێشەی رادیۆ (FM)ـەکان
ئەمڕۆ (پێنج شەممە)بەرواری (30/8/2018) لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، کۆتا کۆبوونەوەی هەردو لیژنەی (رۆشنبیری، خزمەتگوزارییەکان)، سەبارەت بە کێشەی رادیۆ(FM) ـەکان بە ئامادەبوونی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و میوانداریی بەڕێزان (نوێنەری بەڕێوبەرایەتی  پۆستە و گەیاندنی سلێمانی، نوێنەرانی بەشە پەیوەنددارەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و، نوێنەری راگەیاندن و چاپ و پەخش لە بەڕێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری) ئەنجامدرا.
شایانی باسە،لە كۆبوونەوەكەدا بێ دسپلینی و پابەندنەبوونی رادیۆکان بە رێنماییەکانی وەزارەتەکانی (رۆشنبیری و لاوان، گواستنەوە و گەیاندن) بۆ پارێزگاری سلێمانی روونکرایەوە و چەندێتیی زیانەکانی ئەم خەمساردییەی ئەوانمان بۆ تەندروستیی مرۆڤ و گیانەوەران و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کاری فڕۆکەکان و فڕۆکەخانە و تێکەڵبوونی فریکۆنسی و لەرەلەریان لەگەڵ یەکتریدا، کە بەهۆیەوە ناتوانن ئەو پەیامەی هەیانە بیگەیەننە بیسەرانیان.
لە دەرەنجامی كۆبوونەوەكەشدا، چارەسەری بنەڕەتیی ئەم کێشەیە، لەم سێ خاڵەدا کۆکرایەوە:
۱. کۆکردنەوە و گواستنەوەی تاوەری رادیۆکان بۆ شوێنێکی بەرز کە زیانەکان ناهێڵێ و تێچووی کارکردنی رادیۆکانیش کەمتر دەکاتەوە.
۲. جێگیرکردنی فریکۆنسی و لەرەلەریان، کە ئەمەشیان تێکەڵبوون لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ کاری فڕۆکەکان ناهێڵێ.
۳. پابەندکردنی سەرجەم رادیۆكان بە دانانی فلتەر، تاکو ڕێگە لەو زیانانە بگرێ کە بە تەندروستیی مرۆڤ و گیانەوەرانی دەگەیەنێ.
جێگەی خۆشحاڵییە، بەڕێز پارێزگاری سلێمانی بەڵێنیدا لە ماوەی هەفتەیەکدا کاری پێویستی لەسەربکات و وەڵامی ئەنجومەن و لایەنە پەیوەنددارەکان بداتەوە.
بەڕێز (محەمەد رەسول موراد) سەرۆكی لیژنەی (گواستنەوەو گەیاندن) لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بەدیاریكردنی شوێنێك بۆ دانانی تاوەرەكانی رادیۆكان، بە ماڵپەڕی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی راگەیاند: (لە كۆبوونەوەدا پێشنیاری شاخی (هەرووتە)كراوە، چونكە هەم شوێنێكی بەرزە، هەم بەردەوام كارەبای هەیەو پاسەوانی تاوەرەكانیش دەكرێت)
لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا سەرۆكی لیژنەی (گواستنەوەو گەیاندن) لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی:( بێگومان ئەم بڕیارە پاش ئەوە هات كە رۆژانە ژمارەی رادیۆكان زۆر تر دەبوون‌و ژمارەی تاوەركان زیاتر دەبوون، هاووڵاتیان دەكەوتنە ژێر كاریگەرییە نەرێنیەكانی ئەو شەپۆلانە، چونكە زۆربەی رادیۆكان، پابەند نەبوون بە رێنماییەكانی وەزارەتی (رۆشنبیری و هونەرو وەزارەتی گواستنەوەوگەیاندن).



SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft