شیروان میرزا قادر: داوامانكردووە (بانكی مەركەزی عێراق) لقێك لە پارێزگای سلێمانی بكاتەوە
مەهدی مەحمود: (سیستمی لامەركەزی) چارەسەرێكی گونجاوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان.

سێیەم بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) پێشكەشكرا بەمیوانداری بەڕێز(شیروان میرزا قادر) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، هەرەوەها بەڕێز (مەهدی مەحمود) سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

شیروان میرزا قادر: كارلەسەر دروستكردنی چەند (بەنداو)ێك دەكەین لە پارێزگای سلێمانیدا


بەشی یەكەمی بەرنامەكە تایبەت بوو بە گقتوگۆكردن لەگەڵ  بەڕێز( شیروان میرزا قادر) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، لەمیانی بەرنامەكەدا ناوبراو باسی لە چەند پرسێك كرد، لەوانە ناردنی بەشە بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، كە ئەو پێی وابوو ئەوە دەكەوێتە سەر وەڵامی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیەی نەوت كە پێویستە بیداتە بەغداد، چونكە هیچ رێگرییەك نەماوە بۆ نەناردنی مووچە لەلایەن عێراقەوە.
سەبارەت بە بەرنامەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (شیروان میرزا) رایگەیاند كە لەكاتی تەواوبوونی پشووی ئەم وەرزەی ئەنجومەنی نوێنەران دەمانەوێت ئەم كارانە جێبەجێبكەین:
1. پاش ئەوەی لەماوەی رابردوودا لافاو زیانی بەخانووی چەند هاووڵاتیەك گەیاند، بۆ ئەو مەبەستە یاداشتێكمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران كرد، بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانە، بڕیاریشە بۆ هەمان مەبەست سەردانی وەزیری دارایی عێراق بكەین‌و ئەگەر پێویستیشی كرد سەردانی سەرۆكی ئەنجومەن وەزیرانیش دەكەین.
2. لەپارێزگای سلێمانییدا لە هەندێك شوێندا پێویستە (بەنداو) دروستبكرێت، ئەمەش پەیوەندی بە وەزارەتی (سەرچاوە ئاوییەكان)ی عێراقەوە هەیە، ئێمە بەدڵنیایەوە كاری لەسەر دەكەین.
3. داوامانكردووە كە (بانكی مەركەزی عێراق) لقێك لە پارێزگای سلێمانی بكاتەوە، ئەوەش بەجدی كاری بۆ دەكەین.
4. یەكێكی دیكە لەو كارانەی كە بەنیازین كاری جدی لەسەر بكەین بەنێودەوڵەتیكردنی سێ مەرز لەسنوری پارێزگای سلێمانی.   
5. بەدواداچوون بۆ گرفتی سوتەمەنی.

مەهدی مەحمود: دەبێت حكومەت تەحەدای خەڵك بكات كە كێشیەیەك یان گرفتێك باس بكەن.


لە بەشی دووەمی بەرنامەكە دا میوانداری بەڕێز (مەهدی مەحمود) سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرا.
لەم بەشەدا گفتوگۆ لەسەر چەند گرفتێكی پارێزگای سلێمانی كرا، هەروەها  رێگری‌و چارەسەری گونجاوو پێویست گفتوگۆیان لەسەركرا.
لەسەرەتادا بەڕێز  (مەهدی مەحمود) سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، باسی لە چوارساڵی رابردووی ئەنجومەن كردو وتی ناتوانین بڵێن هیچ نەكراوەو ناشتوانین بووترێت هەمووشتێككراوە.
هەروەها لە میانی بەرنامەكەدا باس لە گرنگی جێبەجێكردنی (سیستمی لامەركەزی) كرایەوە ناوبراو وەك چارەسەرێكی گرنگ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە.
لەتەوەرێكی دیكەی بەرنامەكەدا، ناوبراو وتی :"نابێت حكومەت وەك هاووڵاتیان بڵێت كێشەو گرفت هەیە، بەڵكو دەبێت حكومەت تەحەدای خەڵك بكات كە كێشیەیەك یان گرفتێك باس بكەن...."
هەروەها وتی (پێویستە حكومەت‌و خەڵك كاربكەن بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و هەم هاووڵاتی هۆشیار بێت‌و هەم حكومەتیش بە بەرنامەو پلان كاربكات).
هەروەها باسی لەوە كرد كەماوەی (2) مانگە حكومەتی هەرێم نەسریەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەناردووە.
لەكۆتایشدا چەند هاووڵاتیەك پەیوەندیان بە بەرنامەكەوەوە كردوو چەند كێشەیەكیان خستەڕوو، لەبەرامبەردا سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێی بەڵێنی دا كە كێشەو گرفتەكان لە ئەنجومەن باسیان لێوەبكرێت‌و لیژنەی پەیوەندیدار بەدواداچوونیان بۆ بكات.

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft