ئەمڕۆ (سێشەممە) بەرواری (7/5/2019) لە هۆڵی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان‌و سەرۆكی لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامدرا...
كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێك بوو، لەوانەش (پێداچوونەوە بەكارەكانی رابردووی ئەنجومەن و دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ كاراكردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە داهاتوودا‌و هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی (پەرەپێدانی پارێزگاكان).

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پێگەی ئەلكترۆنی (رێكخراوی كوردستان بۆهەموان) بەرێز (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: " وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە باشمانزانی پێش ئەوەی بودجەكە بگات پلان‌و بەرنامەی خۆمان هەبێت، تاوەكو سود لەكات وەربگرین، چونكە ئەو بودجە لە یاسای بودجەی (2019)ی عێراقدا دیاریكراوەو پشكی پارێزگاكانی هەرێمیش لەو بودجەیەدا وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق دیاریكراوە".
سەبارەت بەكاتی  هاتنى بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، (سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) رایگەیاند: "تائێستا هیچ نوسراوێكی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە لەو بارەیەوە، بەڵام بێگومان بودجەكە لەبەرئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی كردووە، هەر دێت، بۆیە ئێمە ویستمان سود لەكات وەربگرین‌و پلان‌و بەرنامەی خۆمان پێشوەخت دیاریبكەین، ئەو پڕۆژانەی ئەولەویەتیان هەیە بۆ قەزاو ناحیەكان‌و سەنتەری پارێزگای سلێمانی ریزبەندیان بكەین‌و كەی بودجەكەش گەیشت راستەوخۆ دەست بەجێبەجێكردنی پلانەكە بكەین"
هەر لەدرێژەی لێدوانەكەیدا (ئازاد محەمەد ئەمین) ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی بەستوە بە جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد‌و وتی: "ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە هەناردەكردنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە، ئەوا بێگومان پشكی هەرێم لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان رەوانە دەكرێت"
سەبارەت بە چۆنیەتی خەرجكردنی ئەودجەیە لە هەرێمی كوردستان داخۆ چۆن دەبێت، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وتی: "تا ئێستا روون نییە ئایا ئەو بودجەیە راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاكان، یان دەچێتە وەزارەتی دارایی هەرێم و دواتر دنێردرێت بۆ پارێزگاكان".

هەرسەبارەت بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، پەیوەندیمان كرد بەرێز (ئەحمەدی حاجی رەشید) بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)ناوبراو رایگەیاند: "ئەو بودجەیە ئێستا بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق خەرج دەكرێت بەڵام تا حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت به رێكەوتنی نێوان هەولێرو بەغداوە ونەوت رادەستی سۆمۆ نەكات، ئەو بودجەیە بۆ پارێزگاكانی هەرێم خەرج ناكرێت."
شیاوی باسە لەمیانی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم كە لە (30/4/2014)دا هەڵبژێردران، بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی پەرێدانی پارێزگاكان راگیرا.


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft