بەمەبەستی گفتوگۆكردن لە سەر پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) لە درێژەی سەردانەكانیدا بۆ لای ئەندامانی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق/ پارێزگای سلێمانی)، پەیوەندی كرد بەبەڕێز (د. جوان احسان فەوزی) سەرۆكی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 
لە میانی پەیوەندییەكەدا تیشك خرایە سەر چالاكییەكانی پڕۆژەو چۆنیەتی هاوكاریكردن‌و بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق/ پارێزگای سلێمانی لەپڕۆژەكەدا.

دواتریش بەڕێز (د. جوان احسان فەوزی) خۆشحاڵی خۆی بۆ پڕۆژەكە دەربڕی‌و بەكارێكی گرنگ و پێویستی وەسفكرد و ئەندامانی فراكسیۆنەكەشی سەرپشككرد لە بەشدارییكردنیان لە پڕۆژەكەدا.
(د. جوان احسان فەوزی) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پێگەی ئەلیكترۆنی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)‌و لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا لەگەڵ ئەوەدان كە هەڵسەنگاندن‌و بەدواداچوون بكرێت بۆ كارو ئەدای پەرلەمانتاران؟
لەوەڵامدا وتی " لە راستیدا هەڵسەنگاندن پێوەری تایبەت بەخۆی هەیە، ئەوەی لە ئێستا بەناوی هەڵسەنگاندنەوە دەكرێت زۆربەی هەڵسەنگاندنێكی هەڕەمەكییە لەوەی هەڵسەنگاندنێكی زانستی بێت."
هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) لە درێژەی وەڵامەكەیدا وتی: "ئەو پڕۆژەیەی ئێوەش گرنگە بەتایبەت ئەگەر كار بۆ ناساندنی دەسەڵاتەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بكەنەوە بۆ هاووڵاتیان‌و پەیوەندی نێوان  هاووڵاتی و نوێنەرانیان پتەوبكەن"
لەكۆتایشدا سوپاس‌و دەستخۆشی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) ئاڕاستەی بەرێز (د. جوان احسان فەوزی) كرا لە بەرامبەر وەڵامدانەوەی ئەرێنیان بۆ پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی).
شایانی باسە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) لەمساڵدا بەشێك لەپڕۆژەكانی تەرخانكردووە بۆ كاركردن لە گەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق/ پارێزگای سلێمانی كە لەلایەن رێكخراوی (NED )ی ئەمریكییەوە پاڵپشتی دەكرێت

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft