تایبەت بە بارودۆخی ناوچە کێشە لە سەرەکان و گەنمی جوتیاران و مووچەو چەند كێشەیەكی دیكە، ئەمڕۆ (دووشەممە) بەرواری (20/5/2019) شاندێك لە نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەیاوەری جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی (عادل عبدالمهدی) سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد...
 لەمیانی سەردانیكردنەکەدا نوێنەرانی كورد  بارودۆخی خراپی هاووڵاتییە كوردەكانی دانیشتووی سنوری کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی ترگفتوگۆیان لەسەركراو داوایان لەسەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە پێویستە بۆ كۆتاییهێنان بەو گرژی‌و ئاڵۆزیانە، ڕاستەوخۆ حکومەت تەدەخول بکات .
هەروەها لە تەوەرێكی دیكەدا  کارە نایاساییەکانی پاریزگاری کەرکوکیش خرانەڕوو، بەگوتەی بەشێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق،  بەشێوەیەکی گشتی بەڵێنیداوە کە چارەسەری کێشەکان  بکات .
سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیارانیش (عادل عبدالمهدی)بە شاندەكەی راگەیاندووە  کە گەنمی ئەمساڵی جوتیاران ڕاستەوخۆ خەرج دەکرێت، بەڵام پارەی گەنمی ساڵانی پێشوو دەبێ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە .
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانیش  نوێنەرانی كورد داوایانكردووە کە مووچە جیا بکەنەوە لە پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم بە ناردنی نەوت رێكارە یاساییەكان لەگەڵ حکومەت بگرنە بەر بەڵام با فەرمانبەران نەبنە سوتەمەنی ، لە بەرامبەردا سەرۆك وەزیرانی عێراق دڵنیاییداوەتە شاندەكە  کەناردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت .
شایانی باسە لەشاندەكەدا دوو نوێنەری پارێزگای سلێمانی بەشداربوون، كە بریتیی بوون لە  (د. جوان ئیحسان)‌و (د. بەهار مەحمود).

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft