ئەمڕۆ (دووشەممە) بەرواری (8/7/2019) فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دیدو تێڕوانی خۆی خستەڕوو لەسەر پرسی (نەوت و گاز)‌و لە نێوان هەرێم و بەغدا، و وێنەیەكی دەست پێگەی ئەلكترۆنی (رێكخراوی كوردستان بۆهەمووان)كەوتووە، ئەمەی خوارەوەش دەقی روونكردنەوەكەیە:

دیدی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ كێشه‌ی نه‌وت و گاز له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا .

سه‌رباری كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا, نه‌وت و گازیش بوه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی نێوان هه‌ردو لا و, ئێستا ڕۆژانه‌ جێی باس و خواستی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌. فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ پێویستی ده‌زانێ كه‌ دیدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م ڕوه‌وه‌ به‌ بیر هه‌موان بێنێته‌وه‌
:

١ . كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم پێویسته‌ به‌ پێی ده‌ستورو یاسای نه‌وت  و گاز چاره‌سه‌ر بكرێت. ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه به‌پێی ده‌ستور‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ ده‌ره‌چه‌یه‌كی باش بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كجاریی ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا. هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین كه‌ ده‌سته‌ی گشتیی چاودێریی دابه‌ش كردنی دامه‌زراوه‌ ئیتیحادییه‌كان به‌ پێی یاسای ژماره‌ (٥٥)ی ساڵی ٢٠١٧ دروست بكرێت
٢ . ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ین كه‌ قوت و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكرێته‌ قوربانیی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌تایبه‌ت له‌ بواری نه‌وت و گاز. پێویسته‌ پرسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ پرسی كێشه‌ی نه‌وت و گاز جیابكرێته‌وه‌. هاوڵاتیانی هه‌رێم هاوشێوه‌ی هه‌مو هاوڵاتیانی عێراق پێویسته‌ به‌ شێوه‌ی هاوسان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ و كێشه‌كانیش له‌ڕێی یاساوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت
٣ . پێویسته‌ به‌ شێوه‌ی ڕیشه‌یی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم بكرێ و له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌م ساڵ دا به‌ تایبه‌تی له‌ ماوه‌ی سێ مانگی داهاتو پێش گفتوگۆی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدرالی بۆ ساڵی ٢٠٢٠, ڕێككه‌وتنی كۆتایی و بنبڕ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم بكرێت و هه‌مو ساڵێك له‌كاتی ده‌ركردنی یاسای بودجه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌. تا ئه‌و كاته‌ش داوا ده‌كه‌ین كه‌ هه‌رێم و به‌غدا پابه‌ند بن به‌ سه‌رجه‌م بڕگه‌ و ماده‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدرال بۆ ساڵی ٢٠١٩. به‌ تایبه‌ت هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ ناردنی (٢٥٠٠٠٠) دوسه‌د و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئیتیحادی پابه‌نده‌ به‌ لانی كه‌م ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم‌
٤ . ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شه‌فافییه‌تین له‌ بواری نه‌وت و گاز له‌ ئاستی عێراق و هه‌رێم و له‌م ڕوه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین به‌ زویی له‌ هه‌رێم سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز دروست بكرێ و ڕێ بدرێ ئه‌م كه‌رته‌ بكه‌وێته‌ ژێر جاودێریی ته‌واو و ,ده‌ربكرێ له‌ مامه‌ڵه‌ی شه‌خسی و حیزبی و, به‌ دامه‌زراوه‌یی بكرێت
٥ . ئێمه‌ پێمان وایه‌ سیاسه‌تی نه‌وت و گازی هه‌رێم پێویستی به‌ پێداچونه‌وه‌ی جددی هه‌یه‌ و به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستای بوه‌ته‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ بۆ خه‌لكی كوردستان. چونكه‌ :
ا. بوه‌ته‌ هۆی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی ژێر زه‌ویی كوردستان كه‌ ته‌نها مولكی نه‌وه‌كانی ئێستا نییه‌
ب. بوه‌ته‌ هۆی لاواز بونی ئابوریی هه‌رێم و په‌ككه‌وتنی سێكته‌ره‌ نانه‌وتییه‌كان و كه‌وتنه‌ ژێرباری قه‌رزێكی گه‌وره‌ (وه‌ك ئیدییعا ده‌كرێ) له‌ كاتێكدا نه‌وت فرۆشراوه‌ نه‌كڕدڕاوه‌
ج. بوه‌ته‌ هۆی زیاد بونی ناكۆكییه‌كی گه‌وره‌ی تر بۆ ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و, بوه‌ته‌ خاڵێكی لاوازی هه‌رێم نه‌ك خاڵی به‌هێزی له‌ مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی دراوسێش. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ په‌راوێزكه‌وتنی كێشه‌ جه‌وهه‌رییكانی تری وه‌ك خاك و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ به‌غدا .
فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
٨ / ٧ / ٢٠١٩


SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft