بەسەرپەرشتی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان كۆبوونەوەی لایەنە سییاسیەکانی هەڵەبجە سەبارەت بەپێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی حزبەكانی هەڵەبجەدا كە بەسەرپەرشتی(رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەڕێوەچوو، پێشنیازی نوێ بۆ رێككەوتنی لایەنەكان خراوەتەڕوو كە ئاڵوگۆڕی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ پۆستی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان لەخۆدەگرێت.
لەوبارەیەوە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) ، لە پرێس كۆنفرانسێكدا پاش كۆبوونەوەی حزبەكانی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا کە "بەسەرپەرشتی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان و بەئامادەبوونی حەوت لایەنی سیاسی پارێزگای هەڵەبجە لە بارەگای مەڵبەندی شارەزووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ماوەی دوو كاتژمێر كۆبوونەوەیەكی گرنگ سەبارەت بەپێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، بەخۆشحاڵیەوە پێشنیازی نوێ و رێگاچارەی كۆتایی بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە خرایەڕوو، لە ئایندەیەكی نزیكدا مژدەی پێكهێنانی ئەنجومەنەكە بەدانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە رادەگەیەنرێت".
كۆبوونەوەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی كۆتایی نەبوو، كۆبوونەوەی داهاتوومان كۆبوونەوەی كۆتایی دەبێت كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو ئەنجامی دەدەین و بڕیاری كۆتایی لەو كۆبوونەوەیەدا دەدرێت، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە هەم برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەم هەموو حزبەكانی تر، رێگاچارەی نوێ و پێشنیازی نوێیان خستەڕوو، كە ئومێدی ئەوەی لێدەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لێدەدرێت".
دەربارەی هۆكاری دواخستنی بڕیاردانیش بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو ئاماژە بەوە کرا "بۆیە دواخرا تا لایەنە سیاسیەكان پرس وڕا لەگەڵ سەرووی خۆیان بكەن، بەڵام لایەنە سیاسیەكان لێرە هیچ رێگریەك لەبەردەمیاندا نەماوە، گەیشتوونەتە دەرەنجامێكی باش.






SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft