ئەمڕۆ(سێشەممە) بەرواری (21/1/2020) ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، یەكەم ‏دانیشتنی ئاسایی خۆی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدا.‏
ئەجێندای دانیشتنەكە لە یەك بڕگە پێكهاتبوو كە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن و دەنگدان ‏لەسەر پڕۆژەپێشنیارێكی (لیژنەی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو)، كە بریتی بوو لە (پرۆژەی ‏کشتوکاڵی لەپێناو رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچوانی کۆلێژ و پەیمانگا کشتوکاڵییەکان)‏‎. 
بە پێی پڕۆژە پێشنیارەكە (660) دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە (بازیان) و سەرجەم زەویە ‏کشتوکاڵیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەجە و هەردوو ئیدارەی ‏گەرمیان و ڕاپەرین بدرێت بە دەرچوانی كۆلێژی کشتوکاڵ بۆ پرَۆژەی کشتوکاڵی و ‏دۆزینەوەی هەلی کار....‏
پاش گفتوگۆو راگۆڕینەوە، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە چەند تێبینی‌و سەرنجێك ‏خرانەڕوو، دواتریش بە دەنگی (20) ئەندام لە كۆی (27) ئەندامی ئامادەبوو پڕۆژە ‏پێشنیارەكە پەسەندكرا.... بڕیاردرا بە پێشنیاز بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی ‏هەرێمی کوردستان بکەن کە ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی سودی لێنابینن، یان وەک پێویست سودمەند نەبون لێیان، بدرێت بە ‏دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئامادەییە پیشەییەکانی کشتوکاڵ‎.‎‏ ‏
ئەم پڕۆژە پێشنیارە كە (لیژنەی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو) ئامادەیكردووە، هەنگاوێكی ‏نوێیە، وەك (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) پێشنیار دەكەین كە لیژنە هەمیشەییەكانی ‏دیكەی ئەنجومەنی پارێزگا بە پێی پسپۆڕی‌و تایبەتمەندی خۆیان بۆ زیاتر خزمەتكردنی ‏هاووڵاتیانی سنوری جوگرافی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پڕۆژە پێشنیار ئامادەبكەن‌و ‏بەمەبەستی كەمكردنەوەو چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان. ‏



SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft