خدیجە عبدالجبار احمد
2018-08-19      1470 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەندازیار : خدیجە عبدالجبار احمد

سەرۆکی لیژنەی پلان و پرۆژەکان

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو هەرێمانەی کە لەڕووی بەرهەمهینانی ناوخۆییەوە لەئاستیکی خراپدایە و لەماوەی رابردوودا لە هەمووبوارەکاندا زیاتر پشتی بە هاوردەی دەرەوە بەستووە و کەمترین بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هەبووە ،تەنانەت سەوزەو میوەش هاوردە كراوە،  لەگەڵ ئەوەدا هەرێمی كوردستان خاوەن زەویەکی ئاڵتوونیە لە رووی کشتوکاڵیەوە ..

بەڵام بەداخەوە بەهۆی بوونی ململانێی سیاسی و دوو زۆنی جیاواز وای کردووە لە هەرێمێکی بچوکی وەک کوردستاندا ژمارەیەکی زۆر مەرز بکرێنەوە .. زۆر بوونی مەرزەكانیش بوونەتە فاکتەرێک بۆ کۆنترۆڵ نەکردنی کوالێتی و هاوردەکردنی شمەك و خۆراک و سوتەمەنی و کەلوپەلی خراپ و ژەهراوی، کە بابەتیکی مەترسیدارەو پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی کۆمەڵگەوە هەیە و جۆرێکە لەجینۆساید و تیرۆری لەسەرخۆ، وەک دەبینن ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لەهەڵکشانێکی مەترسیداردایە ،کە هۆکاری سەرەکی كێبڕكێی کۆمپانیا حیزبیەكانە ...

بەداخەوە تائێستا ئەم بابەتە نەتوانراوە بکرێتە خەمی خەڵک، لەکاتێکدا پەیوەندی راستەوخۆی بەمان و نەمانی یەک بەیەکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەوە هەیە...  مەترسیەکە لەو فەزاحەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە پشکنینی کوالێتی کۆنترۆڵی مەرزەکان دراوە بە کەرتی تایبەت و گریبەستی راستەوخۆ و بێ کێبرکێ و تەندەرین دراوە بە کۆمپانیای سێبەری حیزبی، کە ئەمە بەدڵنیاییەوە پێشێلی ڕێنمایی گرێبەستە حکومییەکانی خودی حکومەتی هەرێم خۆیەتی کە ڕێنمایی گرێبەستە حکومیەکانی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٦)ە...گرێبەستێکی ناوەڕۆک کرچوکاڵ، لەهەمووی سەیرتر لە (٨٠%) ی داهاتی مەرزەکە بەپێی گرێبەستەکان بۆ کۆمپانیاكە دەبێت !!! ئەمە جگە لەوەی هەموو پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پشکنینەکان نەک هەر زانستی ناکرێن، ڕێژەیەکی زۆرکەمیان نەبێت پشكنینیان هەربۆ ناکرێت ، سوتان و لەناوبردنی ئەو دەیان هەزار تۆن کەلوپەلەی کە بەردەوام لەناودەبرێن ئەو راستییە دەسەلمێنێت ... بۆیە وەك ئەندامێكی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێمان وایە  پێویستە فشارەکان زیاتر بکرێن بەتایبەت لەڕێی پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتەی حکومەت بگۆڕرێت کە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی کۆمەڵگەی داوەتە دەست هەندیک کۆمپانیاو بازرگان، چونکە ئەوە ئیشی حکومەتە کە لەشکرێک فەرمانبەری هەیە .. دەیتوانی بەرێگای (قطاع مشترك)  ئەم ئەرکە جێ بەجێبکات ... بەوپێیەش بێت بۆ هەتا هەتایە داهات بۆ كۆمپانیاكان‌و مەترسی نەخۆشییە كوشندەكانیش بۆ هاووڵاتیان دەبێت، ئەمە لەکاتێکدا قەیرانی دارایمان هەیە و حکومەت پلانی زیادکردنی داهاتی هەیە ... دەبێت حیزب و رێکخراو و راگەیاندن و خەڵک بەجدی ئەم سیاسەتەی حکومەت ڕەتبکەنەوەو هەوڵەکان گشتگیر و میللی بکرێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان و گۆڕینی ئەم سیاسەتەی حکومەت و پاراستنی کوالیتی و کۆنترۆڵکردنی مەرزەکان لە هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان و سوتەمەنی و کەلوپەلی خراپ، و ئەم بەرپرسیارێتیە لەکەرتی تایبەت وەربگیررێتەوە و گرێبەستەکان هەڵبوەشێنرێنەورو پرۆسەکە بەنیشتیمانی بکرێت...


SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft