دانا محەمەد جەزا عەلی
2020-02-23      1086 جار بینراوە        کۆمێنت
دانای شەهید جەزا
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

یەکەم: لە ڕوی مەرجەکان بۆ کەسی ڕاسپێدراو بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی کاتی لە عیراق، ئەو مەرجانەی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان و شەقامی ڕاپەڕیوی خواروی عیراق باسیان دەکرد لەم کەسەدا نییە بەوەی کە:
1. یەکێک بووە لەو کەسانەی بەشدار بووە لە پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و دوو خول لە کابینەی نوری المالکی وەزیر بووە و ئەندامی پەرلەمانیش بووە، کەواتە کەسێکە بەشدار بووە لە حکومەتەکانی عیراق بەو شکستانەی شەقام لە دژی ڕاپەڕیوە.
2. خۆی لەلایەن دوو پارت یان کوتلەی سیاسی شیعی پاڵێوراوە، واتا خۆشی سەربەخۆ نییە و فشاری ئەو لایەنانەی لەسەرە بەتایبەتی کوتلەی سائرون (مقتدی الصدر) و فتح (هادی العامری) و ناتوانێت لە بەرنامەی ئەوان لا بدات.
3. کەسێکی جەدەلییە، واتا مقۆ مقۆی لەسەرە چونکە سەربەخۆ نییە و نەبووە.
دووەم: هەرچەندو خۆی سیاسی بووە و بەرپرسیارێتی لە حکومەتی عیراق هەبووە، کەچی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەبێت حکومەتێکی بێلایەن دوور لە دەستێوەردانی حزبی پێکبهێنێت کە لە ناوەڕۆکدا، وەک باس ئەکرێت و بڵاوبۆتەوە، ژێر بە ژێر لەگەڵ چەند لایەنێک ڕێکەوتووە وەزیرەکانی دیارن کێن و کام لایەن و کەسایەتی پێشنایر یان سەپاندویەتی بەسەریدا.
سێیەم: کاک عەلاوی ئەیەوێت ئێمەی کوردستانی پەراوێز بخات و لە بری ئێمە و بەناوی ئێمەوە وەزیری کورد دابنێت بەوێنەک وەزیرە کارتۆنێکانی زەمانی بەعس بۆ ئەوەی ببن بە فەرمانبەر لەبەردەستیدا و لەبری داکۆکیار لە مافی گەلی کوردستان و هەرێمەکەی، ببن بە مینبەری بەرگری لە بەرنامەکانی عەلاوی دژی هەرێم و گەلەکەی.چوارەم: ئێمە ناتوانێن بەرگری بکەین یان دەنگ بدەین بە حکومەتێک کە نەزانین بەرنامەکەی چییە لە ڕوی سیاسی و ئابوری و پەیوەندییەکان و ئاستی پابەند بوون بە بونی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە حکومەتێک بێ گوێدان بە هەرێمی کوردستان لە بری ئێمە نوێنەر دابنێت لە وەزارەتەکانیدا.
پێنجەم: ئێمە باسی وەزیرێک و فڵان و فستان ناکەین، بەڵام گرنگە لامان:
1. هیچ وەزیرێک بەسەر ئێمەی کوردستانی نەسەپێنن وەک نوێنەری ئێمە
2. پێویستە پێگەی دەستوری و قەوارەی سیاسی و جوگرافی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکەن
3. پرەنسیپی زۆرینە و کەمینە بەکار نەهێنن
4. هەڕەشەمان لێ نەکەن بەناوی شەقام و هەڵکوتانە سەرمان
5. بەرنامەی حکومەت بزانین بەتایبەتی هۆشیاری داهاتوی هەرێم بینلەکۆتایدا دەڵێم، ئەم حکومەتە ئەگەر پێکبێت بەم شێوەیە، ئەوا بە کەمئەندامی لەدایک ئەبێت چونکە هەمو شێعەی لەگەڵ نییە، زۆرینەی سونەی لەگەڵ نییە، کوردی لەگەڵ نییە، زۆرینەی پێکهاتەکانی کریستیان و یەزیدی و تورکمانیشی لەگەڵ نییە، شەقامیش رەزامەنی لەسەر نییە....... مەگەر لە دوا چرکەکان گۆڕانکاری بکرێت کە ئەمەش ئەستەم نییە لە سیاسەتدا...
SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft