هۆشیار ئیسماعیل
2020-03-05      1009 جار بینراوە        کۆمێنت
ھۆشیار مام اسماعیل
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

بەداخەوە بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕاگەیاندنەکان لە جیاتی ھۆشیار کردنەوەی خەڵک و پێدانی ڕێنمای بە ھاوڵاتیان بۆ دووربوون لەو ڤایرۆسەی کە بەرۆکی جیھان و وڵاتەکەمانی گرتووە، لە جیاتی ئەوەی ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەن کەچی بەربوونەتە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک لە ھەمان کاتدا بە چاوی تاوانبار سەیری ئەو خۆشەویستانە ئەکەن کە گومان لێکراو یاخود ھەڵگری ڤایرەسەکەن، وێنەو ڤیدیۆیان بڵاو ئەکەنەوەو ڕێز لە کلتورو دابو نەریت و کۆمەڵگا و ئاینیش ناگرن، ئەزیزم ئەوەی ئێستا تۆ بڵاوی ئەکەیتەوەو ڕێز لە کەسایەتی ئەو خۆشەویستانە ناگری و گاڵتە بە ھەست و شعوریان ئەکەی دوور نی یە سبەی بەرۆکی خۆت و خێزانەکەی خۆت بگرێت، ئەو پزیشک و کارمەندی تەندروستی و ھەموو ئەو ستافە بەڕێزەی لە خەمی ھاوڵاتیان و لە دڵسۆزی و بۆ پیشە و وڵاتەکەی گیان و ژیانی خۆی ئەکاتە مەترسیەوە پێویستە ڕێزیان لێبگیرێت و سوپاس بکرێن نەک ناویان بزڕێندرێت، داواکارم ھاوڵاتیانی خۆشەویست دوور بکەونەوە لە قەرباڵغی و شوێنە گشتی یەکان تاکو ھەموولایەک پارێزراو بن ، پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و لایەنی پەیوەندیدار ھاوکاربن و زیاتر ھەوڵبدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرەسە، پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری ھەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاگاداربکەتەوەو تەنھا ھۆشیاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی بڵاو بکەنەوەو ترس و گرانی بڵاو نەکەنەوە بە پێچەوانەوە سزای توندیان بدەن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە، داواکارم لە ھەموو ئەو بەڕێزانەی بە ھەر ڕێگایەک لەو شوێنانە گەڕاونەتەوە کە ڤایروسەکەی تیا بڵاو بۆتەوە خۆیان بە تیمەکانی تەندروستی و تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤاێرۆسەکە بناسێنن چونکە ئێوە وەک تاوانبار سەیرناکرێن بەڵکو بۆ سەلامەتی خۆتان و خزم و کەس و کار و کۆمەڵگاکەیە،وێڕای سوپاس بۆ ھەموو ستافی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایروسەکە داواکارم زیاتر بەدەم ئەو ھاوڵاتیانەوە بێن کە کێشەی تەندروستیان ھەیە و خۆیان بە تیمەکان ئەناسێنن بەھیوای سەلامەتی بۆ ھەموو لایەک.

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft