سەباح شەهید فەتاح
2020-04-30      1117 جار بینراوە        کۆمێنت
صباح شەھید فتاح 
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

بۆ ئەوەی قەوارەی ھەرێمی كوردستان بەھێز بكەین و بەپارێزراویی بیھێڵینەوە، دەبێت زۆرترین خزمەت بە ھاوڵاتیەكانی بكەین و ئەو خزمەتكردنەش بە كاتێكی كەم و بەئاسانی خزمەت بگاتە ھەموو كوچە و قوژبنێكی ئەم ھەرێمە و جارێكیتر خۆشەویستی و ئینتییما بگەڕێتەوە و زیاتر بێت. كە سەدەھا خوێنی گەشی بۆ ڕژاوە.ھەروەھا لە پێناو بەھێزكردنی پێگەی ھەرێمی كوردستان؛ لە ڕووی دیموكراسیی لە ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی درواسێ و تەنانەت ئەوروپا و ئەمریكا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.... دەبێت گرنگی بدەین بەسیستەمی نوێی بەڕێوەبردن، یان خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو سیستەمانەی بەشێك لە وڵاتان پێشكەوتنی بەرچاویان بەھۆیەوە بەركەوتوە و خزمەتی ھاوڵاتیانی خۆیانیان پێكردووە.
بە نمونە ئەوەی لە ویلایەتەكانی ئەمریكا پیادەدەكرێت، بە جۆرێك دەسەڵات دابەشكراوە و شۆڕكراوەتەوە، ھەر ویلایەتێك خاوەنی یاساو ڕێنمایی تایبەت بە خۆیەتی و كێبڕكێ لە نێوان ویلایەتەكان دروستبووە. بۆ پێشكەشکردنی زۆرترین و باشترین خزمەتگوزاری. بۆیە ئەمریكا خاوەنی بەھێزترین ئابورییە لەسەر ئاستی جیھان. ئەوەی لە ١٦ مقاتەعەكەی ئەڵمانیا بەدیدەكرێت كەجاران ئەڵمانیای ڕۆژ ئاوا و ڕۆژھەڵات ھەبوو وە لە چاو كوردستان جیاوازی زۆریان ھەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی بڕیاریاندا خزمەت بە ھاوڵاتیەكانی خۆیان بكەن و دادپەروەریی جێ بەجێبكەن و ھاوسەنگی بپارێزن ھەستان بەپیادەكردنی سیستەمی لامەركەزیی، كە ئێستا ئەڵمانیا بەھێزترین ئابوری ھەیە لەئەوروپا.ھەروەھا لەوڵاتی ئیمارات بەھۆی پیادەكردنی سیستەمی لامەركەزیی، كێبڕكێیەكی جوان و ڕێكوپێك و شەریفانە ھەیە لەنێوان شارەكانی دوبەی و ئەبو زەبی و شاریقە و...ھتد ئەمەش وایكردوە لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست باسی ئەو وڵاتە بكرێت و بە ئابوریەكی بەھێز و سەنتەرێكی بازرگانی گەورە ناوببرێت.بۆیە بە مەبەستی سودوەرگرتنی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتانە و چەندین وڵاتی تر. وە لە پێناو تێپەڕاندنی دۆخی قورسی ئابوریی و خراپیی بەڕێوەبردن، بە سیستەمی مەركەزیی و تاقیكردنەوەی سیستەمێكی نوێ و باشترین سیستەمی بەڕێوەبردن لەم سەردەمە، كە ئەویش لامەركەزییە.لامەركەزیی چەند جۆرێكی ھەیە لامەركەزیی سیاسیی، وەك قەوارەی ھەرێمی كوردستان واتە فیدراڵی. لامەركەزیی جوگرافی، یان ناوچەیی. لامەركەزیی كارگێڕی و دارایی.دەرچونی یاسای ژمارە (٣) ی پارێزگاكان لەساڵی ٢٠٠٩ و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەساڵی ٢٠١٤ ، سەرەتایەك بوو بۆ پیادەكردنی سیستەمی لامەركەزیی، چونكە ھەموو یاسایەك كە دەردەچێت ھۆكاری دەرچونی ھەیە و ھۆكاری دەرچونی یاسای ژمارە (٣) پیادەكردنی ئەو سیستەمەیە و مەبەست لێی؛ گەیاندنی خزمەت گوزارییە بە شێوەیەكی خێرا و باش، بەڵام بەداخەوە ڕێگریی زۆركرا بۆ پەكخستنی بڕگە و مادەكانی یاساكە. لە كاتێكدا یاساكە پڕپڕە لە كەم و كورتیی و لە خولی پێشوی پەڕلەمان و ئەم خولەی ئێستاش پڕۆژەی ھەموارمان ناردووە و داوای ھەمواری یاساكەمان كردوە. بەڵام تا ئێستا ھەموارنەكراوە، بەڵام ئێستا ھەتا ھەمواری یاسای ناوبراو دەكرێتەوە ئێمە بەپڕۆژەیەكی گونجاو داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەكەین، دەسەڵاتی كارگێڕیی و دارایی بدرێت بە حكومەتی خۆجێی شارەكان لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاكاندا.
ئێمە، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە ئەمە جاری دووەمە ھەمان داوامان كردوە و بەچاولێكردن لە پێشكەوتنی وڵاتان ئەم سیستەمی لامەركەزییە سودەكانی زۆرن. بەنمونە: شەفافیەت لە داھات و خەرجی پارێزگاكان. ئاسانكردنی گەیاندنی خزمەت گوزاری. كەمكردنەوەی ڕۆتین و تێچووی مامەڵەی ھاوڵاتیان و زوو تێپەڕاندنی ئیش و كار. كێبڕكێی شەریفانەی نێوان شارەكان. گێڕانەوەی ئینتیما بۆ ھاوڵاتیان. بەھێزكردنی ئابوریی و زیادكردنی سەرچاوەی داھات و ھەمەجۆركردنی داھات و زیادكردنی ھەلی كار لەشارەكان. كەمكردنەوەی فشار لەسەر پایتەخت و وەزارەتەكان.. ھتد.
بەھۆی ئەوەی لە ھەرێمی كوردستان سیستەمی مەركەزیی، تاقیكراوەتەوە و نادادپەروەریی زۆر ھەیە لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی و خراپیەكانی زۆر زۆرن و ناوچەیەك زۆر گرنگی پێدەدرێت لە سەر حسابی شوێنێكیتر و شوێنەكەیتر پەراوێزدەخرێت. وە دوو ئیدارەییش تاقیكراوەتەوە و ھیچ حزب و كەس و گروپێك زاتی ئەوە ناكات داوای دوو ئیدارەیی بكات. بەھۆی ئەوەی خۆمان نەبینە ھۆی لە دەستدانی ئەوەی بەخوێن بەدەستمان ھێناوە و با بە ھەموو لایەك ھەوڵی باشتركردنی بارودۆخەكە بدەین و ئێمە كەداوای پیادەكردنی سیستەمی لامەركەزیی كارگێڕیی و دارایی دەكەین. سودی بۆ خەڵك و ئیدارەی ھەموو پارێزگاكانی كوردستان ھەیە و دیسان ئەمەش تایبەت نییە بەھیچ حزب و گروپێك. بەڵكو عەیبەیەكی گەورەیە دژایەتی بكرێت و ئەوەشی دیارە خۆشبەختانە بە ئاشكرا دژایەتیی پڕۆژەكە نییە. ئەگەر وەكو خۆی لە گرنگی و باشیی و ڕێكوپێكی و زۆری سودەكانی ئەم سیستەمە بڕوانرێت.

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft