ئەمڕۆ (16/2/2022) لە نوسینگەی سلێمانی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) فراکسیۆنی نەوەی نوێ؛ کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی تایبەت سەبارەت بە پرسی غازی شل ئەنجامداو و لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

فراکسیۆنەکە رایگەیاند، بڕێکی زۆری غازی بەرهەمهێنراوی شل لە هەرێم دیار نەماوە.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) رایگەیاند، بە پێی کۆمەڵێک بەڵگە، لە ماوەی 14 مانگدا؛ 102 هەزار تۆن گازی شل بە بڕی زیاتر لە 51 ملیۆن دۆلار، لە کاتی گواستنەوەییدا لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی باشور لە خورمەڵە دیار نەماوە.
هەروەها ئاماژەش بۆ ئەوە کرا ، لەماوەی 14 مانگی رابردوودا جیاوازی لە بڕی بارکردن و بەتاڵکردنی غازی شلدا هەبووە. ئەوەشی خستەڕوو، لەڕێگەی نووسراوەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە دۆسیەکە ئاگادارکراوەتەوە.


ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیە:

بەپێی بەڵگەکان، کۆمپانیای ساوس کوردستان کە کۆمپانیایەکی سەر بە بەرپرسێکی یەکێتییە، لەیەکی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠ تا ٣٠ ى نۆڤەمبەری ٢٠٢١ واتە لە ماوەی ١٤ مانگدا، لەڕێگەی ٤٢٨٧ تەنکەری گواستنەوەی سوتەمەنییەوە، بڕی (٦٩٩٨٢٧ تۆن) گازی شل (کۆندێنسەیت)ی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بارکردووە، بەڵام لەو بڕە بارکراوە تەنها (٥٩٦٨٧٠ تۆن)ی لە وێستگەی باشور لە خورمەڵە بەتاڵکردووە، لەم نێوەندەشدا بڕی (١٠٢٩٥٧) تۆن لە گازی شل (کۆندێنسەیت) دیارنەماوە، کە بایی (٥١.٥٢٤.٩٧٠ دۆلارە) (پەنجاو یەک ملیۆن و پێنج سەد و بیست و چوار هەزار و نۆسەد و حەفتا دۆلار).
هەر بەپێی بەڵگەنامەکان نرخی هەر تۆنێک گازی شل (کۆندێنسەیت) لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەو پرۆسەیەدا بە (٣٩٠ دۆلار) بۆ هەر تۆنێک دانراوەو لە کۆتا حەوت مانگی دووەمدا نرخی هەرتۆنێک بووە بە (٥٥٠ دۆلار). بەم پێیەش لە حەوت مانگی یەکەمدا بڕی (٢٩٥٥٣ تۆن) لە گازی شلی دیار نەماو بایی (١١.٥٢٥.٦٧٠ دۆلارە) (یانزە ملیۆن و پێنج سە و بیست و پێنج هەزار و شەشسەد و حەفتا دۆلارە)و لە کۆتا حەوت مانگی دووەمدا بڕی (٧٢٧٢٦ تۆن) لە گازی شل دیار نەماوە کە بایی (٣٩.٩٩٩.٣٠٠ دۆلارە) (سی و نۆملیۆن و نۆسەد و نەود و نۆ و سێ سەد دۆلارە)، کە سەرجەمی بڕی دیار نەماوەکە بایی (٥١.٥٢٤.٩٧٠ دۆلارە) (پەنجاو یەک ملیۆن و پێنج سەد و بیست و چوار هەزار و نۆسەد و حەفتا دۆلار).
بەپێی بەڵگەکان لەڕێگەی نوسراوەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بڕی ژمارەی تۆنی گازی شلی بەتاڵکراو لە وێستگەی باشور لە خورمەڵە ئاگادارکراوەتەوە، کە بەپێی ئەو بەڵگانە جیاوازی لەنێوان بڕی بارکراو و بڕی بەتاڵکراودا دەردەکەوێت.
بەپێی بەڵگەکان لە ٩ مانگی سەرەتای پرۆسەکەدا بڕی دیار نەماوی گازی شل لەنێوان ٢ بۆ ٣ هەزار تۆندا بووەبۆ هەر مانگێک، تەنها لەمانگی شوباتی ٢٠٢١ دا نەبێت کە ١٢ هەزار تۆن دیار نەماوە، بەڵام لە کۆتا پێنج مانگی کۆتاییدا بڕی دیار نەماو بەتێکڕای لەمانگێکدا بۆ زیاتر لە ١٠ هەزار تۆن بەرزبووەتەوەو تەنها لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢١دا بڕی دیارنەماو گەیشتووەتە ١٨٠٥٥ تۆن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە کە لە کۆتا پێنج مانگی نێوان تەموزی ٢٠٢١ تا کۆتایی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بڕی مانگانەی دیارنەماو بووە بە چوار بۆ پێنج هێندەی سەرەتای پرۆسەکە، لەکاتێکدا ژمارەی کەمتر لە تەنکەری گواستنەوەی سوتەمەنی گازە شلەکەیان گواستنەوەتەوە. بۆ نمونە لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ دا ١٨٦٩ تەنکەر گازی شلیان گواستووەتەوەو تەنها ٣٢٠٦ تۆن لە گازەکە دیار نەماوە لەو مانگەدا، بەڵام لە نۆڤەمبەری ٢٠٢١ دا کە پلەی گەرمی و کەشوهەوا هاوشێوەی هەمان مانگی ساڵی پێشترە، هەرچەندە تەنها ١٢٦١ تەنکەر گازی شلیان گواستووەتەوە کە ٦٠٨ تەنکەر لە هەمان مانگ لەساڵی پێشتردا کەمترە، بەڵام بڕی دیار نەماوە ٦ هێندە بەرزبووتەوەو بووە بە ١٨٠٥٥ تۆن.
بەڵگەکان زۆر بەڕونی شێوازی گواستنەوەکە و ژمارەی تەنکەرەکان و بڕی تۆنی بارکراو لە کۆرمۆر و بڕی تۆنی داگیراو لە وێستگەی باشور لە خورمەڵە و بڕی دیارنەماو بۆ هەر مانگێک لە ماوەی ئەو ١٤ مانگەدا دەخاتە ڕوو.

 

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft