لەسەر سكاڵای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە گوێرەی ماددەی 2ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییكردن، فەرمانی دەستگیركردن بۆ كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەرچووە.
لەو بارەیەوە كەریم عەلی رایگەیاندووە، چەند جارێك لەلایەن ئاسایشی گەرمیان ئاگادار كراوەتەوە كە فەرمانێكی دەستگیركردنی لای ئەوانە، داوایان كردووە خۆی رادەست بكات.

سەبارەت بەدەستگیرکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە (خاڵی ٢ بڕگەی ١ ماددەی ٣٠ یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٩) یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە:
( نابێ ئەندامی ئەنجومەنی خۆجێیەتی یەكەی كارگێڕی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجومەن بە نووسین راوە دوو بنرێ تەنیا لە حاڵەتی ئەنجامدانی تاوان یا كەتنێك نەبێ كە پێیەوە دەگیرێ‌) بەلام بە گوتەی ناوبراو تائێستا هیچ نوسراوێک بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەکراوە، بەڵکو تەنها لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە داوی لێکراوە کە خۆی رادەست بکات.)
لەم بارەیەوە ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی روونکردنەوەیەکی بۆ رایگشتی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ئاماژە بە نایاسایی بوونی شێوازی دەستگیرکردنەکەی دەکات, ئەمەی خوارەوەش دەقی روونکردنەوەکەیە:


ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە فرمانی دەستگیرکردنمان 

دوای خستنە ڕووی چەند بەڵگەیەک لە لایەن بەندەوە لە یەکێک لە بەرنامەکانی کەناڵی ڕووداو لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمەوە سکاڵا لە دژمان تۆمارکراوە لە دادگای ئاسایشی گەرمیان بەپێی(یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن) و دەستبەجێ فرمانی گرتنمان بۆ دەرچووە و ئاسایشی گەرمیان ڕاسپێردراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە . 
چەند تێبینییەک دەخەینە ڕوو سەبارەت بەو بڕیارە 
١ _ ئەو بڕیارە پێشێلی ( خاڵی ٢ بڕگەی ١ مادەی ٣٠ یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٩) یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە . چونکە دەبێت ڕەزامەندی ئەنجومەن وەربگیرێت بۆ بانگهێشتکردنی ئەندامی ئەنجومەن بۆ دادگا مەگەر لە حاڵەتی ئەنجامدانی تاوانی بینراودا نەبێت . لە خوارەوە دەقی یاساکە دادەنێین . پێشێلکردنی یاساش بەرامبەرمان هەرکەسێک ئەنجامی بدات لە داهاتوودا ئێمەش سکاڵای لە دژ تۆماردەکەین . 
٢ - بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن سکاڵاکە تۆمارکراوە . دەکرا کەیسەکە بدرایە بە پۆلیس لەبری ئاسایش چونکە ئەو بابەتە تایبەتمەندی پۆلیسە .
٣ - ئەو دادوەرەی سکاڵاکەی لا تۆمارکراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئێمە دەرکردوە برای سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخانە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی داوەبەوەی کە سکاڵا لە دژمان تۆماردەکەن . بۆیە ئەوەی لە ئەلف و بێ یەک لە یاسا بزانێت تێدەگات لە بابەتەکە . 
٤ - بەندە دانیشتوی ناحیەی ڕزگاریم و هەرلەو ناحیەیەوە بەشداری بەرنامەکەم کردوە بەپێی تایبەتمەندی شوێنی ئەبوایە سکاڵاکە لە دادگای ناحیەی ڕزگاری تۆماربکرایە نەک دادگای ئاسایشی گەرمیان و قەزای کەلار . 
٥ _ ئەو دادوەرەی سکاڵاکەی لە دژی ئێمە جوڵاندوەو فرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئێمە دەرکردوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین بابەتی گرنگمان خستووەتە بەردەستی وەک (کۆمپانیای تعقیم لە دەروازەی پەروێزخان . داخلکردنی ٨٣ ئۆتۆمبێل بۆناو هەرێم بەڵگەنامەی ساختە) . بەڵام تاکو ئێستا فرمانی گرتنی بۆ یەک کەس لەو کەسانە دەر نەکردووە .
بۆیە بە وردبونەوەمان لەو بابەتانەی لای سەرەوە خستومانەتەڕوو داوامان لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کردوە بەمەبەستی لادانی دۆسێی ئەو سکاڵایەی لە دژمان تۆمارکراوە لای دادوەری ئاسایشی گەرمیان و دیاریکردنی دادوەر و دادگایەکی دیکە بۆ ئەو دادبینییە . 
دوای وەڵامدانەوەی دادگای پێداچوونەوە هەرێم بۆ داواکارییەکەمان ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە دەچینە بەردەم دادگاو هەموو ئەو بەڵگانەی لامانە دەیخەنە بەردەم دادوەر . 
لە کۆتایشدا دەڵێین دڵنیاین بەرگریکردن لە مافی گشتی و بەرژەوەندی هاوڵاتیان ئەرکێکی قورسە . بەڵام بەڵێن بێت ئێمە کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین لە دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕێگری کردن لە کەسانی پیسخۆرو مشەخۆر . 


کریم علی 
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی 
بەرواری ٢٠٢٣/٩/٥

شایانی باسە (بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان) لە (8/10/2020) دا نوسراوی ژمارە (4021)ی ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد بە مەبەستی دەستگیرکردنی (محەمەد شێخ وەهاب)...ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەنی پارێزگاش لە (14/10/2020)دا رەزامەندی خۆی نیشاندا لە سەر دەستگیرکردنی (محەمەد شێخ وەهاب) و ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای قۆرەتووناوبراویش لە (25/10/2020) چووە بەردەم دادگا...

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft