بڵێسە جەبار فەرمان
2021-01-24      884 جار بینراوە        کۆمێنت
بڵێسە جەبار فەرمان
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

 مەسەلەی هەڵبژاردنی پێش وەختە زیاتر لەیەک ساڵە جێگای گفتوگۆو کێبڕکێیە لە عیراق و پرۆژەی بۆ حازر کراو یاسای بۆ دانرا ئینجا کۆمسیۆن و قانونی تمویلی هەڵبژاردن دەرکرا. بۆ ئەو مەسەلە سەدان کۆبونەوە ئەنجام درا بەڵام هێشتا دیار نیە ئەنجامەکەی چی دەبێت.دوای ئەوەی بوو بە کێبرکێ لە نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان بەتایبەت کە کام لایان دەتوانێت رەزامەندی شەقام بەلای خۆیدا رابکێشێ بە دەستنیشان کردنی کاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت (مبکر)و پێشوەختتر (ابکر ) بۆ پەرلەمانی عیراق. مانگی تشرینی ۲٠۲۱ لەلایەن کومیسیۆنەوە پێشنیار کرا.
دەست نیشان کردنی کاتی ھەڵبژاردن بۆ حزب و لایەنەکان و کاندیدەکان لە عیراق دا بایەخ و گرنگی خۆیی ھەیە. ھەندێک بۆنەو و یادکردنەوە ھەن کە کاریگەریان لەسەر دەنگدەر ھەیە و دەبنە ھۆی راکێشانی سۆزو هەست. ئەمەش یا رق و توڕەیی، دواجار کەم و زیادکردنی دەنگی لێ دروست دەبێت.لە ئەمریکا رۆژی ھەڵبژاردن بە یاسا دەستنیشان کراوەو ھەموو چوار ساڵ جاریک لە یەکەم سێشەممەی مانگی نوڤێمبێردا ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.لە وڵاتکی وەکو عیراق کە مناسەباتی ئاینی زۆری تێدایە ھەروەھا یادەوەری دەستپێک و کۆتایی جەنگ و ھەروەھا یادکردنی ڕۆژانی کۆمەڵکوژی و رۆژانی خوێناوی زۆر کە بۆ کەفوکوڵی ھاندانی دەنگدەرانی مەزهەبێک دژ بە مزھەبێکی تر بەکار دەھێنرێن. مانگی تشرین بە (ڕاپەرینی تشرین) چووە مێژووی عیراقەوە.
لەم مانگەدا ڕاپەرین دژ بە گەندەڵی و نادادپەروەری و برسێتی دەستی پێ کرد. ناوەندەکەشی گۆڕەپانی تحریر بوو پێرار دەستی پێکردو حکومەتیان گۆڕی و زیاتر لە ھەزار شەهیدیان دا.بەغداو پارێزگاکانی خواری عیراق بۆ ماوەی چەند مانگ بەهەزاران چونە سەر شەقام ساحاتەکانیان کۆنترۆڵ دەکردو بارەگای حزب و دائیرەکانی حکومەتیان دەسوتاند.راستە ئەم خۆپیشاندانانە چەند مانگێکی خایاندو بە سەدان لاو شەھید کران و بریندار و کەمئەندام بوون و بووە ھۆی روخانی حکومەت و کابینەی حکومەت.لێکەوتەکانی هەر بەردەوامن لە چەندین ئاستدا، ئەم ڕاپەرینی تشرینە چەندەھا کەسایەتی تێیدا دەرکەوتن و بوون بە قارەمانی شەقام.تا ئێستا چەندەھا حزب و لیست و ھاوپەیمانی نوێ بە ناوی راپەرینی تشرینەوە خۆیان ناونوس کردوە بۆ ھەڵبژاردنی پێش وەختە.دەستنیشان کردنی وادەی ھەڵبژاردنەکان لە مانگی تشرین بە قازانجی ئەم لیستانەیە.
بۆ ھەموو ئەو لایەنانەی بەژدار بوون لەو ڕاپەرینە جوڵاندنی ھەستی دەنگدەرو کەسوکاری قوربانیان دەبێتە ھۆی بەدەستھێنانی دەنگی زیاتر.زۆر حزب لە ھەوڵی راکێشانی کەسایەتیە دەرکەوتوەکانی ئەم ڕاپەرینەن بۆ نێو لیستەکانیان.
 دەست نیشانکردنی ئەم وادەیە نارەزاییەکی زۆر بە دوای خۆیدا ھێناوەو زۆرێک لە لایەنەکان داوای گۆڕینی دەکەن.هێشتا دە مانگی ماوە بۆ وادەی هەڵبژاردن، گرژی و ئاڵۆزیەکان دەستی پێکردوە، دەیانەوێت دەستی حکومەت ببەستنەوە کە نەتوانێت هەڵبژاردنەکە کە لەو ماوەیەی دیاریکراوە ۲٠۲۱/۱٠/۱٠ ئەنجام بدرێت.دۆخی ئەمنی دەوری گرنگی هەیە لەوەی هەڵبژاردن بکرێت یان نا. بۆیە تەقینەوەو جموجوڵی داعش و پەلاماری موشەکی فڕۆکەخانە سەرەتایەکی خەتەرناکە.جگە لە پەتای کۆرونا کە عیراق و دونیای دابڕیوەو جموجوڵی زۆر کەم کردۆتەوە. نائارامی سیاسییش دەوری هەیە لە ئەنجام دان یا ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن.
ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عیراق دەرفەت دەکاتەوە بۆ هێزو کارەکتەری نوێ بەتایبەتی ناڕازیەکان و ئەوانەی سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکانیان کرد. شانسی چەندین هێزی سیاسی و کەسی کۆن دەسوتێنێ.کازمی سەرۆک وەزیران خۆی لە جەبهەی خۆپیشاندەران دەزانێ، پێی وایە لە ئەنجامی خۆپیشاندانی ئەوان هاتۆتە سەر کورسی و، بە رەزامەندی ئەوان بوە. بۆیە ئەو کاتە بەدڵی خۆی دەزانێ. لایەنەکانی تریش بە کاتێکی کوشندەی دەزانن. لەبەر ئەو هۆکارانەی باسم کرد ئەگەر ھەیە هەڵبژاردنی پێشوەختی عیراق لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە ئەنجام نەدرێت و جارێکی تر دوابخرێت. بێگومان ھۆکاری دواخستن ناو دەنرێت کێشەی ھونەری ( فني).
SHARE
وتاری زیاتر
شەکەت بووین....
بڵێسە جەبار فەرمان
2020-04-28      1267 جار بینراوە
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft