/   بیروڕا
ئەمجارە دۆخەکە جیاوازترە!
کاروان یار وەیس
2025-05-29

کاروان یاروەیس
نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


بەداخەوە دوای هەوڵدانێکی زۆری چەند ساڵی رابوردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، دوای یاسای بودجەو دواتر هەموارکردنەوەشی، دوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدرالی و رێکەوتنەکانی نێوان هەردوو حکومەت واخەرێکە هاوکێشەکە دەبێتەوە گرێی کوێرە.
ئەمجارە دۆخەکە جیاوازترە! زمانی هەڕەشە و موزایدە سیاسی کێشەکە چارەسەر ناکات، بگرە قووڵی ئەکاتەوەو کێشەی مووچە ئەخاتە قورگی شێرەوەو دواتر پێمان دەرناهێنرێی. هیچ لایەن و کەسێکیش ئیستغلالی ئەم دۆخە نەکات و خراپی بژێوی خەڵکی کوردستان نەکاتە بابەتی موزایدەو فرسەتی لێبێنێت.
رێگا راستەکە زەمینەخۆشکردنە بۆ گفتوگۆ، گەرانەوەیە بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدرالی و یاسای بودجە و رێکەوتنەکانی نێوان هەردوو حکومەت. بەپێی دەستور و بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی نابێ بژێوی خەڵکی کوردستان بکرێتە قوربانی ململانێی سیاسیەکان و وەکو بارمتە و کارتی فشار بەکاری بێنن.
کورد پێویستە یەکهەڵوێست بێ، ئامانجی یەکهەڵوێستێکەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و هێزی سیاسی کورد بێ لەبەغداد نەک بۆ ئیرادەی ئەموئەو.
لەپشتەوە گفتوگۆی سیاسی دەوێ، لەگەڵ هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکهێنەری حکومەتەکەی سودانیە و کوردیش تێدا بەشدارە، لەگەڵ ئیتاری تەنیسیقی و شوێنی تریش! دواتر وەفدی هەردوو حکومەت دابنیشن و بگەرێنەوە سەر جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگا و یاسای بودجە و رێکەوتنەکان.
هەرێمی کوردستان پابەندی هەندێ لە پابەندییەکان نەبوە، زمانی هەرەشە و بێمنەتی هەبووە، تەوتین نەکراوەو داهاتی نانەوتی وەکخۆی رادەست نەکراوە بەڵێ وایە، بەڵام نەناردنی مووچەی هەرێم بەبیانووی تەواوبوونی پشکی هەرێم بێ بنەمایە و پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگاو یاسای بودجەو رێکەوتنەکانە، خێرە مانگی شەشە هێشتا حکومەتی ئیتحادی خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ی نەناردوە بۆ پەرلەمان تا پەسەندی بکات و نازانرێ پشکی هەرێم چەندە کەچی ئەڵێن پشکتان تەواوبوە، ئێستا ساڵی رابوردو حکومەتی ئیتحادی مانگی یانزە ووتی پشکی هەرێم تەواوبوە ووتمان مانگێکی ماوەو رێی تێدەچێت وابێ، ئەی ئێستا هێشتا چوار مانگی ساڵەکە تەواوبوەو هەشتی مانگی ماوە ئەڵێن پشکتان تەواو بووە.
تکایە فەوزای بەیاننامە و لێدوان و هەرەشە و بڕیارو هەڵوێسی تاکڕەوانە کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو دانایی و وردیی و یەکدەنگی ئەوێ، ئەمجارە بەس تەیف نیە بەتەنها، بڕیاری هەموویانە و ئۆکەی دادگاشیان وەرگرتوە، لای ئێمە بژێوی خەڵکی کوردستان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە، بۆیە هەردەبێت ئەمەش ئامانج بێت لەهەڵوێست و هەنگاوەکان، ئەم کێشەیەش قابیلی چارەسەرکردنە ، تکایە هێندەی تر خەڵک نیگەران و بێتاقەت نەکەن و بهێڵن بیر لەچارەسەرە راستەکە بکرێتەوە، جارێ بانگەشەش شەش مانگی ماوە!
 

زیاتر بخوێنەوە