2020-02-15     962 جار بینراوە      کۆمێنت
د.رێبوار کریم محمود
نوێنەری سلێمانی لە پەرلەمانی عیراق
ماوەیەکە گفتوگۆی گەرم هەیە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی (یەک) پرۆژە بۆ سلێمانی، ئەویش شەقامی (۱٠٠) مەترییە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا سلێمانی هەر ئەم شەقامەی پێویستە؟!
نەخێر.
_ سلێمانی پێویستی بە کارەبایە کە لەکاتی پێویستیدا نیە. جا کە خەڵک پێویستی نەبو، هەبێ یان نەبێ بۆچی باشە؟!
_ سلێمانی پێویستی بە ئاوە، ئاوی سازگار، نەوەک ئاوێک بە کلۆرێکەوە کە لە ۲٠۱۸وە ئێکسپایەر بوە.
_ سلێمانی پێویستی بە پردو جادەیە، جادەی سەرەکی و کۆڵان، پێویستیان بە قیرتاوە، نەوەک پینەو پەڕۆ.
_ سلێمانی پێویستی بە خەستەخانەیە، شارێکی وەها چۆن ئەبێ بچوکترین خەستەخانەی سوتاوی لەعیراقدا تیابێت؟!
_ سلێمانی پێویستی بە قوتابخانەیە، قوتابخانەی مۆدێرن، کە دەوامی ئاسایی بێت، نابێ قوتابخانە ئەو هەمو دەوامەی تیا بێ.
_ سلێمانی پێویستی بە بوژانەوەی وەرزش، هونەر، سینەما، رێکخراو...هتد هەیە. ئێوە لەبری هاندانی سینەما، هەر رۆژەی فلیمێک بە خەڵکەکەی دەرئەکەن.
_ سلێمانی پێویستی بە هەلی کارە، پێویستی بە فریاکەوتنی ئەو دەیان هەزار گەنجە بێکارە هەیە کە لە هەمو شتێک بێزارن.
_ سلێمانی پێویستی بە نەوت و غازە، ئەزانن کام نەوت و غازە؟ ئەوەی لەژێر خانوو خاکەکەیدایە بەڵام بەشی ئەوی پێوەنیە.
_ سلێمانی پێویستی بە هەوای پاکە، ژینگەیەکی ئەوێ کە تەندروستی خەڵکەکەی تیاپارێزراوبێت.
چی ریز بکەم؟
سلێمانی و هەمو شارو شارۆچکەکانی پێویستیان بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە. پێویستی بە پرۆژەیە. بەڵام پرۆژەیەک بە یەک بڕیار جێبەجێ بکرێ، نەک وەک جادە (۱٠٠) مەترییەکە (۱٠٠) بەیاننامەی بۆ دەربکرێ.