کاروان یار وەیس
2022-08-05      438 جار بینراوە        کۆمێنت

کاروان یاروەیس
نوێنەری پارێزگای سلێمانی
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ململانێی هێزەکان لە عێراقدا، ململانێیەکی دیموکراسی نیە، تا هەڵبژاردنی پێشوەختە بتوانێ چەقبەستنی سیاسی چارەسەر بکات. هێزەکان هەڵبژاردنیان وەک رێگاچارەیەکی دیموکراسی ناوێت، بەڵکو هەڵبژاردن بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندیەکانیان. 
هێزەکان هەڵبژاردنیان بەو یاسا و شێوازە و بەو تەوقیتە دەوێ، کە بۆ خۆیان گونجاوە، ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی عێراق فەرەنسا و سوید نیە تا لەساڵێکدا دووجار هەڵبژاردن بکرێ و پرۆسەیەکی ئاسان بێت. 
پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، ئایا کێشەکە پەرلەمانە یا ململانێی هێزەکانە و رێکناکەون و ئەیانەوێ هەموو بخەنە ئەستۆی پەرلەمان.
ئایا بەم کەشەی ئێستا هەیە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسیەکانی تر بەم تەشەنوجە سیاسیەوە بچنە ناو بانگەشەی هەڵبژاردن چۆن بەریەکئەکەون؟ ئایا ئەنجامەکان بەدڵی لایەک نەبێ قبوڵی ئەکەن؟ گرەنتی چیە ئەمجارە خۆپیشاندەران نەنیڕنە سەر کۆمیسیۆن و سەندوقەکانیش نەسووتێنن؟ 
ئەم هێزانەی عێراق ناکۆکی قووڵیان هەیە، ناکۆکی مەزهەبی و ناکۆکی سیاسی و ناکۆکی شەخسی و شەڕی بەرژەوەندی، هێزی چەکداریان هەیە، ئایا هەڵبژاردن دەتوانێ ئەم هەموو ناکۆکیانە چارەسەر بکات؟ 
بەئەنقەست شکۆی پەرلەمانیان شکاندووە، هەندێ شت لە بیناکەی دەکرێ، نەک لە دامەزراوەیەکی نیشتمانی وەک پەرلەمان بەڵکو ناکرێ لەهیج دائیرەیەکی تری رەسمی بکرێ، ئەم دامەزراوانە موڵکی گەل و نیشتمانن نابێ بەهیج بیانوویەک بەو جۆرە ئەتک بکرێن. 
ئێستا چارەسەر جیە؟ 
ڕەوتی سەدر لە گۆڕینی سیستم و دەستورەوە هاتنە سەر هەڵبژاردنی پێشوەخت، نازانرێ لەداهاتووی نزیکدا چی تر داوا ئەکەن، چوارچێوەی هەماهەنگیش نایانەوێ بچنە ژێرباری فشارەکانی ڕەوتی سەدر. 
هەڵبژاردنی پێشوەختە، جگە لەبەهەدەردانی ٤١٥ ملیار دیناری تر کە تەرخان دەکرێ بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەکە، هێزە سیاسی و کاندیدەکانیش زیاتر لەوە خەرج دەکەن بۆ بانگەشە، لەهەمان کاتدا بەم ئالۆزییەوە هەڵبژاردن بکرێ کێشەکانی نێو ماڵی شیعە قووڵتر دەبێتەوە، سووننەکانیش پەرت تر ئەبن، کوردیش کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر نەبێت ناتوانێ خۆی کۆبکاتەوە. 
ئەم مشتومڕە زۆر دەخایەنێ، باشترین بژاردە گفتوگۆیە، ئەویش بەنێوەندگیری لایەنی سێیەم، کە یونامی یا ئێران یا ئەمریکا، پرۆژەیەکی چاکسازی ئامادە بکرێ و تێدا رەچاوی داواکاری و مەرجەکانی سەماحەتی سەدر بکرێ و حکومەتێکی نوێ دروست پێکبهێنرێت، کە کۆدەنگی نیشتمانی لەسەربێت و لەتوانایدا هەبێ پرۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکات و ئەو داهاتە زۆرەی ئێستا عێراق هەیەتی بەهۆی گرانبوونی نەوتەوە بخرێتە خزمەتی گەل و بوژانەوەی گوزەرانی خەڵک و کەرتە سەرەکیەکان لە عێراقدا. 
هێزە سیاسیەکانی عێراق پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بە تێپەربوونی رۆژگار ناکۆکی و ئالۆزییەکانیان خاو ببێتەوەو جۆرێک لەمتمانە بگەرێتەوە بۆ هێزە سیاسیەکان لەنێوان خۆیاندا و هێزە سیاسیەکان و خەڵکیش.
بەهیوای ئەوەی بژاردەی گفتوگۆ و رێزگرتنی بنەما دەستوریەکان و دامەزراوە نیشتمانیەکان ببێتە بنەمای دەست پێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی جددی، کە ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی عێراق و گەلەکەی بێت. 

 

SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft