/   هەواڵ

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: خشتەی بودجەی 2024 پەسەند کرد

2024-06-03

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی پەسەندکرد، جگە لە گۆڕانکاریی و گواستنەوەی دوو تریلیۆن دینار لە بودجەی وەزارەتەکانەوە بۆ پارێزگاکان، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەو خشتەیە نەکرا کە بۆ پەرلەمان نێردرابوو.

نوێنەرێکی پارێزگای سلێمانی لە  (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) رایگەیاند، لە خشتەكانی بودجەدا بڕی 965 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانكراوە و بەوەش زامنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت بەبێ دواكەوتن.
د. نەرمین مەعروف نوێنەری پارێزگای سلێمانی و  ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی بۆ ئامادەكردنی خشتەكانی یاسای بودجە بۆ دەنگدان بەردەوامبوون و ئەمڕۆ خشتەكانی بودجە پەسەندكران و هەرچەندە كورتهێنان لە بودجەكە بۆ ئەمساڵ هەیە، بەڵام كورتهێنانەكە خەمڵێندراوە.
سەبارەت بە پشكی هەرێم ئەندامەكەی لیژنەی دارایی وتیشی، "پشكی هەرێم زیاتر لە 20 ترلیۆن دینارە و 11 ترلیۆن و نیو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دانراوە كە مانگانە دەكاتە بڕی 965 ملیار دینار بەوەش زامنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكات بەبێ دواكەوتن".
 بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بووە. لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە بۆ ساڵێک، کە نۆ ترلیۆن و 55 ملیار دینارى بۆ مووچەیە.





 

زیاتر بخوێنەوە