/   هەواڵ
سلێمانی: رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان، سەردانی ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی کرد
2025-07-15
بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت.ئەمڕۆ (١٥/٧/٢٠٢٥) تیمی پڕۆژەی رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان، سەردانی ئۆفیسی سلێمانی (کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان)ی کرد و لەگەڵ بەڕێز (ئامانج عەزیز کەریم) بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی کۆبوونەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان)، لەپلان و بەرنامەیدایە کە بەشێوەیەکی فراوان چاودێری پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکات و هەڵسەنگادن بۆ بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسیەکان و بەڵێنی هەڵبژاردنی کاندیدەکان و ئاست و توانای کاندیدەکان بکات.
لە سەردانەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بانگەشەیەکی مۆدێرن و هێمن کردەوە کە بەگوێرەی یاساکارپێکراوەکان و رێنماییەکانی کۆمسیۆن بەڕێوەبچێت.
تیمی پڕۆژەی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان)، ئامادەیی هەمووجۆرە هەماهەنگی و هاوکاری و کارئاسانییەکیان بۆ کۆمسیۆن دووپاتکردەوە.
لەبەرامبەردا بەڕێز(ئامانج عەزیز کەریم) بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی، خۆشحاڵی بەرسەردانەکە دەربڕی و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوبەشێکی سەرەکی و گرنگی کۆمسیۆنن و کۆمسیۆن بەردەوام دەرگای بەڕووی ڕیکخراوەکاندا کراوەبووە.
هاوکات کاروپڕۆژەو و راپۆرتەکانی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) لەلایەن بەڕێز (ئامانج عەزیز کەریم) بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانیەوە بەرز نرخێنران و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە گرنگە ئەم جۆرە پڕۆژانە بەبایەخەوە سەیر بکرێن.
سەبارەت بە پلان و بەرنامەی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی رایگەیەند: بەخۆشحاڵییەوە پیشوازی لەهەر هەوڵێک دەکەین کە لەخزمەتی پڕۆسەی هەڵبژاردندا بێت و لەوبارەیەشەوە ئامادەیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆ پلان و بەرنامەی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) دەربڕی.